سێ حیزب لەدژی قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەوەستنەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 30 أبريل 2019

سێ حیزب لەدژی قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەوەستنەوە



زێدان خەسرۆ_ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین

ئەمڕۆ سێشەممە ۳۰ی نیسانی ۲۰۱۹ لەڕاگەێندراوێکی هاوبەشدا هەرسێ حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ڕایانگەیاند" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرلەنوێ ئاخافتنێکی تێکدەرانەی سەبارەت بە شاری کەرکووک دا.



دەقی ڕاگەیندراوەکە"

ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە ئاخافتنی وەزیری دەرەوی تورکیا دەربارەی کەرکووک"

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرلەنوێ ئاخافتنێکی تێکدەرانەی سەبارەت بە شاری کەرکووک دا.

ئەگەر هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە پەیوەندی و سەردانێکی دیبلۆماسی و لێکتێگەیشتنی دەوڵەتان و بەتایبەتی دەوڵەتانی ناوچەکە بە جۆرێک لە بەرژەوەندی ئاشتی و پێداویستی و لێکتێگەیشتن و خزمەتی مرۆڤایەتی بێت، بەتایبەتی گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە پراوپربوە لە ململانێ و ناکۆکی بەرژەوەندیەکان، ئەوی پێویست بوو کە ئاخافتنی وەزیری دەرەوی تورکیا لە پێناوی چارەسەری ئەو ناسەقامگیری و دۆخە پڕ لە کێشەیەی ناوچەکە لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان و سازکردنی دراوسێیەتیەکی باش، بێت، کەچی وەزیری دەرەوەی تورکیا بەوپەری نابەرپرسانە لە میانەی تێروانینێکی سواوو شۆڤینیانەوە جارێکی تر بەو ووتە ناهاوسەنگەیەوە کە شاری کەرکوک شارێکی تورکمانیە دەبێتەوە خوڵقێنەری زەمینەی ئاژاوە و فیتنەی تێکبەردانی نەتەوەکانی ئەو شارە .

ئەمە لە کاتێکدا ئەو وتەیەی ئەو بەرێزە هەم پێشێلکردنی سەروەری ولاتێکی خاوەن سەروەرییە، و دەستوەردانە لە کێشەیەک کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و عورفی دیبلۆماسی هەرگیز مافی ئەوەیان نیە دەستی بۆ بەرن ..لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی دەستوری ئێراقیشە کە بە ماددەیەکی دەستوری رون کە ماددەی ١٤٠ــە ناسنامەی ئەو شارەی دیاری کردوە و چارەسەری بۆ داناوە .

هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئەو حیزبانەی کە لە خوارەوە واژۆمانکردوە بەوپەری نارەزایەتیەوە بەرپرسیاری دەخەینە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو سوکایەتی و پێشێلکاریە دەستوریە قبوڵ نەکەن و داوای بەرپرسیارێتی دیبلۆماسی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا بکەن کە مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق و دەستوری عێراق وەربدات.

_ حزبی شیوعی کوردستان
_ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
_بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
٣٠ی نیسانی ٢٠١٩


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق