دیار حسێن - ناوەندی هەواڵ - نوێ ژین
چوار پەڕلەمانتاری عێراق، كە دووانیان لە هاوپەیمانیی سائیرونن، دەستلەكاركێشانەوەیان لە ئەندامێتیی پەرلەمان ڕاگەیاند.
هەردوو پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون " ڕائید فەهمی و هەیفا ئەمین " دەستلەكاركێشانەوەیان لە ئەندامێتیی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند.
ئەو دوو پەڕلەمانتارە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بە دەستلەكاركێشانەوەكەیان كردووە و هۆكارەكەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و جێبەجێ كردنی داواكارییەكانیان، كە بریتیە لە چاكسازی و هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.
هەر لەو بارەیەوە ، تەها ئەلدفاعی، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە تویتەری خۆی پشتیوانی بۆ داوای خۆپیشاندەران دەربڕی و بڕیاریدا بە دەستلەكاركێشانەوە لە ئەندامێتی پەڕلەمان.
هاوكات، مزاحم تەمیمی، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق دەستی لەكاركێشایەوە و ڕایگەیاند، ''بە داخەوە لە ماوەی ئەو ساڵەی پەڕلەمانتار بووم هەستم نەكردووە توانیبێتم ئامانجێك بەدی بهێنم و ویژدانم ئاسوودە بكەم، كە دەنگدەران و هاووڵاتیان داوای دەكەن''.
سێ رۆژە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێکی دیکەی پارێزگاکانی عێراق دەستیان پێکردووەتەوە، وەک هاوسۆزی بۆ داوای خۆپیشاندەرانیش، دوو پەرلەمانتارەکەی حیزبی شیوعی و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی عێراق دەستیان لەکار کێشایەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق