ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی ژمارەیەك قاچاخچی رایگەیاند - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأربعاء، 4 مارس 2020

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی ژمارەیەك قاچاخچی رایگەیاند



بارزان خالد - ناوەندی ھەواڵ - نوێ ژین


ئاسایشی سلێمانی لە سنووری شارباژێڕ ٢٩ كەسیان بە تۆمەتی هێنان ‌و بردنی مرۆڤ بە قاچاخ لە سنوورەكانەوە دەستگیركردووە، بە وەش ژمارەی قاچاخچیە دەستگیركراوەكان لە سنووری سلێمانی گەیشتە ٤٤ كەس.


بەپێی راگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی، هێزەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگا ئەمنی ‌و تەندروستیەكانی سنووری قایمقامیەتی قەزای چوارتای ناوچەی شارباژێر، رۆژی چوارشەممە ٤ـی٣ـی٢٠٢٠ هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لەسنوورەكەدا قاچاخچێتی بە هێنان ‌و بردنی مرۆڤەوە دەكەن ئەنجامداوە.
  

وەك لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەدا٢٩ قاچاخچی دەستگیركراون، بەوەش كۆی گشتی قاچاخچیە دەستگیركراوەكان گەیشتە٤٤ كەس، هەموو ئەو دەستگیركراوانەش تۆمەتبارن بەوەی بە بڕێك پارە لەسنوورەكانەوە قاچاخچێتییان بە هێنان‌ و بردنی مرۆڤەوە كردووە".


لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو كەسانەدا، ٢٧ ئۆتۆمبێل كە بۆكاری قاچاخچێتی بەكارهێنراون دەستی بەسەردا گیراوە. 


لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا ئاماژە بەوەشدراوە، سەرجەم تۆمەتبارەکان دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە و لەبەر ئەو كارەشیان رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.


بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، لە رۆژی٢٤ـی٢ـی٢٠٢٠ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا هاتووچۆی گەشتیاری لەگەڵ ئێران رابگرێت، لەو كاتەشەوە هێنان ‌و بردنی مرۆڤ بە قاچاخ لە سنوورەكانەوە دەستیپێكردووە ‌و رۆژی سێشەممە٣ـی٣ـی٢٠٢٠ ئاسایشی سلێمانی١٥ كەسی بەو تۆمەتە دەستگیركرد.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق