حکومەتی ھەرێم چەند بریارێکی دەرکرد - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأربعاء، 4 مارس 2020

حکومەتی ھەرێم چەند بریارێکی دەرکرد



بارزان خالد - ناوەندی ھەواڵ - نوئ ژین


ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی٣ـی٢٠٢٠ "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەت ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین رێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.


دەقی راگەیێندراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆدا: 


یەکەم: لە روانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەکی هەموو ئاینەکان ،پاراستنی روح وجەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆمارکردنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی  ، بۆیە دوای راگرتنی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن و راگرتنی چالاکیی شوێن وسەنتەرەکانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەکان لە ( مزگەوت ، كڵێسا و پەرستگاکان ) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.


دووەم: جەختکردنەوە لە سەر بەردەوامیی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و کەرەنتین و بنکەکانی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.


سێیەم: رێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنووردارکردنی هاتووچۆ لە بنکە و بازگە و دەروازە سنوورییەکان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی کار لە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی بکات.


چوارەم: بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی کە بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەکان دەکەوێت . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی پێویست  لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە کرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاراستەی کەمکردنەوەیان بە جۆرێک رەچاوی زیانە داراییەکانیان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەکان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکەن.  


پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر . بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکرێت .


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لە سەر ئەوەی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی  ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیکات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق