دێرین ڕەسوڵ ـ ناوەندی هەواڵ ـ نوێ ژین
دوای بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەناو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کۆمەڵێک گەنج بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسە زۆرە بەشێوەیەکی جیاواز ڕووبەڕووی کۆرۆنا دەبنەوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە ٤ـی ۳ـی ۲۰۲۰ ، ڕێکخراوی ئەنجومەنی گەنجانی کوردستان بازنەی ڕاپەڕین، لە ژێر دروشمی "کۆرۆنا دەبەزێنین" هەڵسان دەرمانڕێژکردنی هەریەک لە شوێنەکانی (بازاڕ ، مزگەوتەکان، نەخۆشخانەکان، باخچە و پاڕکەکان، شوێنە گشتی و قەڕەباڵغەکان)ـی ناو شاری ڕانیە، بە بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت کە کاریگەریەکەی بۆ ماوەی ٥ڕۆژ دمێنێتەوە و ڕێگری دەکات لەگەشەکردنی هەموو جۆرە ڤایرۆسێک،و هیچ زیانێکی نیە بۆ سەر مرۆڤ تەنانەت گەر بەر پێست و کەلو پەلیش بکەوێت.
دەربارەی ئەو هەڵمەتە "ئەحمەد ئیبراهیم" لێپرسراوی ڕێکخراوی ئەنجومەنی گەنجانی بازنەی ڕاپەڕین، بۆ "نوێ ژین میدیا" وتی:"دوو ئامانجمان هەیە لەم کارە:
یەکەم: دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم ڕشاندنەوە هاوشاریانمان بە دوور بن لە ڤایرۆسەکە لەئەگەری هەبوونی هەر تووشبوێک.
دووەم: دەمانەوێت بەم کارەمانە هاوشاریانمان هۆشیار بکەینەوە کە ڕشاندنی ماڵ و نوسینگە و شوێنی ئیشەکانیان زەروورە. تێچویەکی کەم و پارێزراوێکی باشتر دەبن.
لەوەڵامی ئەوەی ئایا تەنها لەناو شاری ڕانیە ئەو هەڵمەتە ئەنجام دەدەن یاخود دەچنە شوێنەکانی دەور و بەری ڕانیەش "ئەحمەد ئیبراهیم" وتی:دیارە ئێمە خێرخوازان هاوکارمان بوون لە دابین کردنی دەرمانەکە و دەرمانەکەش گرانە لەوانەیە بەشی دەوروبەری ڕانیە نەکات ئەگەرنا حەزدەکەین بێ جیاوازی خزمەتی هەمووان بکەین.
سەبارەت بە بەردەوامی هەڵمەتەکەش "ئەحمەد ئیبراهیم" وتی: تەنها هەر دەستکەوتنی دەرمانەکە نیە، ئێمە بە حوکمی ئەوەی خۆبەخشین و سەربەخۆ و بێلایەنین بۆیە بۆ زۆربەی چالاکیەکان بەردەوام کێشەی گواستنەوەمان هەیە بەڵام ئەگەر خێرخواز یاخود لایەنی حکومی لەم ڕووەشەوە هاوکاربێت بەدڵنییاییەوە دەچینە هەموو شار و دێهاتەکانیش گەر پێویست بێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق