ھۆزان احمد-ناوەندی ھەواڵ-نوێ ژین
ئەمڕۆ چوارشەممە،ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بە بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووە و گفتوگۆی لە بارەی سیستەمی بایۆمێتری و گرفتەکانی کەرتی کشتوکاڵ کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران لەبارەی پڕۆگرامی بایۆمێتری راپۆرتێکی خستە ڕوو، زانیاری و وردەکاری و باسی قۆناغەکانی سیستەمەکە و ئامانج و دەرەنجامەکانی سیستەمی بایۆمێتری کرد، کە پرۆژەیەکی گشتگیر و فراوانترە لەوەی تەنھا داتەیەک بێت بۆ تۆماری مووچەخۆران.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری پەسەند کرد، بە ئاڕاستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری، لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی پرۆگرامەکە تاکو بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە،ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کردارەکانی چاکسازی، بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و ھێنانی شێوازی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حکومڕانی دروست.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بابەتێکی پەیوەندیداربە کەرتی کشتوکاڵی خستەڕوو، ڕێکخستنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵیەکان بە جۆرێک بخرێتەوە خزمەتی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و رێگە گرتن لە تەرخانکردنی و بەکارھێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی.
لە تەوەرێکی دیکەشدا، پلانی بۆ پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری خستە ڕوو، لە رێگای پڕۆژەی ھاوبەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کەرتی تایبەت وەک سەرچاوەیەکی نوێی داھات،ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەنکردنی راسپاردەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بوارەدا.
ئەنجومەنی وەزیران، لە تەوەرێکی دیکەشدا، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار و داد، ی راسپارد بۆ پەلەکردن و ڕایکردنی قەرەبووی ئەو جوتیارانەی کە خاوەن گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتڕاستکرایەوە لەبەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق