ئەنجومەنی وەزیران چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگی پەسەند کرد - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأربعاء، 28 أبريل 2021

ئەنجومەنی وەزیران چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگی پەسەند کرد


 

سەیران عزیز _ ناوەندی ھەواڵ _ نوێ ژین


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ، ھەروەھا ٥ پڕۆژە یاسای گرنگی پەسەند کرد .


بەپێی راگەیاندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دارا رەشید، وەزیری پلاندان راپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پرۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو.

 

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجوومەنەکە لەناو پرۆژە یاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادە بکرێت بۆ پەسندکردنی کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

 

لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیی خستەڕوو، تێیدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێشنیار و پلان و کاری لەپێشینەی خۆیان پێشکێش کردووە و وا بڕیارە ‌ھە‌فتە‌ی داھاتوو پلانی سەرتاسەری بۆ رووبە‌ڕووبوونە‌وە‌ی وشكە‌ساڵی ئامادە‌ ببێت تاوەکو لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندبکرێت و لە نزیکترین دەرفەتدا بکەوێتە واری جێبەجێکردن.

 

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران پێنج پرۆژە یاسای پەسندکرد کە بریتیبوون لە:


١-پرۆژە یاسای دادگەی تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان - عێراق.


٢-پرۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە ٢٠ ی ساڵی ١٩٩٨ هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان - عێراق.


٣-پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاساکانی  یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی.


٤-یاسی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.


٥-یاسای بازرگانی.


ھەروەھا بڕیار درا پرۆژە یاساکان رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێن بۆ تەشریعکردنیان .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق