بەهادین حسن ـ ناوەندی هەواڵ ـ نوێ ژین
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا چەند ڕێنماییەکی دەرکرد.
دەقی ڕێنماییەکان.
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی
"د.هەڤاڵ ئەبوبەكر" پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بە وردیی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ میكانیزم و ڕێكارەكانی باشتر خۆپارێزیی و
چارەسەرسازیی پەتای كۆرۆنا كرا.
دواتر ئەم بڕیار و ڕێنماییانە دەرکران:
١. لە رۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢٠)ەوە، لە سەعات (٩)ی بەیانی بۆ (١٢)ی نیوەڕۆ بانكە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەم مەرجانەی خوارەوە دەكرێنەوە:
أ- پەیڕەوكردنی تەواوی مەرج و ڕێنماییە تەندروستیەكان.
ب- لە هەر بانكێكدا نابێت لە (٥) كارمەند زیاتر بە (بەڕێوەبەرو كارمەندەكانیشەوە) دەوام بكات.
ت- دەبێت بەپێی لیستێك سەردانكەران ڕێكبخرێنو كاتی پێشوەختیان بدرێتێو نابێت لەیەك كاتدا لە دوو كەس زیاتر بێتە بانكەكەوە.
پ- پێویستە كارمەندانو سەردانكەرانی بانكەكان پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیو كارگێڕیو ئارامیەكانیان بن.
ج- پێویستە بانكەكان پاكژ بكرێنەوەو دەرمانپژ بكرێن.
٢. هەموو ڕێكخستنو مۆڵەتپێدانێكی كەرتی كشتوكاڵیو خانووی پلاستیكیو كێڵگەو نەمامگەو هەنگەوانیو...تاد لەلایەن فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانیەوە دەبێت بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانو فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیو ئاسایشی خۆرئاوا لە شوێنە جیاجیاكاندا بەپێی سنوری كارگێڕی خۆیان.
٣. كۆمپانیاكانی دابەشكاریی خۆراك و پێداویستیەكان لەناو شاری سلێمانیدا كارەكانیان لە سەعات (٨)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی جێبەجێ دەكەن.
٤. یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی تا دوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هیچ ئەندامێكی نوێ وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەك بۆ ڕسوماتی ڕێگەپێدان وەرناگرن و بە هەماهەنگیی لەگەڵ قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی كارەكانیان دەكەن.
٥. دەست بە دابەشكردنی ئارد بەسەر بریكارەكاندا كراوەو لەدوای (١/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو دەست بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر بریكارەكاندا دەكرێتو پێویستە بریكارەكان و هاووڵاتیانیش لە سنوری گەڕەكەكانیاندا پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بن.
٦. كاركردن بە كرێكاران و توانستمەندانی بیانیی لە كارگەو كۆمپانیاكاندا، ئاساییە بە مەرجێك پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیو كارگێڕیو ئارامییەكان بنو هیچ هاتووچۆیەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانیاندا نەكەن.
٧. پێویستە هەموو فەرمانگەكان لەكاتی وەرگرتنی موچەدا پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستی و كارگێڕی و ئارامییەكان بكەنو بەڕێوەبەران و جێگرانیان بە نووسراوی ئەو فەرمانگەیەی ئەو ڕۆژە موچە وەردەگرێت و بە ناسنامەكانیان كارئاسانیان بۆ دەكرێت.
٨. هەر فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاریی لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، یان بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەكەیەوە بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنورەكەی خۆی لەكاتی دەوامكردن و ئەركی فەرمیدا كاری هاتووچۆی كارمەندەكانی خۆی ڕێكدەخات، هەر كارمەندێك لە ئەركدا نەبێت و قەدەغەی هاتووچۆ بشكێنێت و بۆ كاری تایبەتی ئۆتۆمبێلەكەی بەكاربێنێت، سزا دەدرێت.
٩. نۆرینگەكان بەپێی بەرنامەیەكی دیاریكراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیو سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانیەوە بەشێوەی (تەناوب)و بەپێی پێویستی گەڕەكەكان لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە كاردەكەن:
١- پێویستە نۆرینگە بە دەرمانی دژە ڤایرۆس ڕەشكرابێت.
٢- كارمەندی نۆرینگە دەبێت بە ماسكو دەستكێشو گاونی پزیشكی كاربكات.
٣- پێویستە جێڵی تەعقیم بۆ هاوڵاتیان لەبەردەست بێت بەبەردەوامی.
٤- نابێت قەرەباڵخی لە نۆرینگەدا هەبێت، واتە ماوەی نێوان دوو كەس لانی كەم لە یەك مەتر كەمتر نەبێتو لە یەك كاتدا یەك كەس زیاتر نەبینرێتو بە ئاگاداری لە ناوەوەو دەرەوەی نۆرینگەكە هەڵبواسرێت.
٥- نابێت چارەسەری ئەو كەسانە بكرێت كە نیشانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان هەیە.
٦- لەكاتی بوونی گومانو زانیاری لەسەر هەركەسێك بە تووشبوون یان نیشانەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پێویستە ڕێنوێنی بكرێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات كە دەستنیشان كراون بۆ پشكنین یان چارەسەر.
٧- پێویستە سجلی تۆماری سەردانكەران بۆ نۆرینگە هەبێت كە سەرجەم زانیارییەكانی تێدا تۆماربكرێت.
١٠. تیمەكانی چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ زیاد دەكرێن و شەوو ڕۆژ بەبەردەوامیی لە ئەركدا دەبن.
١١. بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی بە هەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكان، كاری پێویست بۆ ڕێكخستن و مۆڵەتپێدانی هاتووچۆی ئەو بوارانە جێبەجێ دەكات كە دەكەونە پسپۆڕی و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەرییەوە.
١٢. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موختاری گەڕەكەكان، لیستی ئەو خێزانانە ئامادە بكەن، كە پێویستیان بە بەرنامەی پشتیوانیكردنە.
١٣. پێویستە هەموو ئەو كەس و دەستەو لایەن و كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازیی دەكەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادە بكەن و ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكانی كە ئەو كارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ دەكەن، بۆئەوەی زۆرترین خێزان بێ دووبارەبوونەوە سودمەند بن و بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگاو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق