ناوەندی هەواڵ _ نوێ ژین
ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/٨/٢٠٢٠) ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکان کۆبونەوەى ژمارە (٩) ى ئاسایى خۆى بەشێوەى ئۆنلاین ئەنجامدا.
لەکۆبونەوەکەدا کە نوێنەرانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە دواین پەرەسەندن و پێشهاتەکانى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا کرد و تیشکى خستەر سەر پڕۆژەى وەزارەت بۆ دەستپێکردنەوەى ساڵى نوێى خوێندن.
د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) پلان و بەرنامەى تازەمان بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشتوە، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پلان و پڕۆژەی پێشنیازى ساڵى نوێى خوێندن کرد.
بە ڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە (١/٩) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە (٣٠/٦) کۆتای پێ بێت.لە نێوان (٢٠/٩) تاکو (٤/١٠) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن.
- سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).
- خوێندنى وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
- ماوەى نێوان (٩/١) تاکو (١٠/٤) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبوکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
- هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت.
- بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
- بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ ڕاسپاردەى دەکات.
- لە (٢٠٢٠/١٠/١١) پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات.
کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا و لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە نوێنەرانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبون، هەریەک لە م. ئەحمەد گەرمیانى و د. نادر مستەفا نانەکەلى لە وتەیەى جیا جیادا ئاماژەیان بە پڕۆژە و بەرنامەکانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کرد بۆ دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش پشتگیرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستانیان بۆ پڕۆژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕو.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق