هەندێک لە بەندیخانەکان لەجیهاندا بەناوبانگ بوون بەهۆی بەندکراوە بەناوبانگەکانی یان بەهۆی سەختی سیستمی ناوخۆیی ئەو بەندیخانە و، هەوڵەکان بۆ هەڵهاتن لەو بەندیخانانە.
ئەمەش بەناوبانگترین ٣ بەندیخانەیە لەجیهاندا:
یەکەم: بەندیخانەی باستیل
لەنێوان ساڵانی ١٣٧٠ بۆ ١٣٨٣ دروستکراوە، ئەم بەندیخانە لە سەرەتاوە قەڵا بووە، پاشان کرایە بەندیخانە، یەکەم بەندکراو کە لەم بەندیخانە بەندکرا، ئەو ئەندازیارەبوو کە تەلارسازی قەڵاکەی دروستکرد، بەهۆی گڵاوکردنی مەزارگە ئایینییەکان. بەڵام ئەم بەندیخانە زیاتر بەناوبانگ بوو کاتێک، ڤۆلتێر، نووسەر و فەیلەسوفی فەڕەنسی و، مارکیز دی ساد، کە کەسێکی ئەرستۆکراتی و شۆڕشگێر و رۆمانووس بوو و، ئەلیساندرۆ کالیسترۆ، کە پزیشکێکی کیمیایی ئیتاڵی بوو، لەم بەندیخانە بەندکران.
لەکاتی شۆڕشی فەڕەنسادا خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر ئەم بەندیخانە و وێرانیانکرد. تا ئێستا فەڕەنسا هەموو ساڵێک لە ١٤ مانگی تەمووز یادی ئەم رۆژە دەکاتەوە، بەناوی رۆژی دەستبەسەراگرتنی باستیل.
دووەم: کۆشکی ئیڤ
لەساڵی ١٦٨٥ دروستکراوە، ئەم کۆشکە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست بەدووری چەند کیلۆمەترێک لە کەناراوەکانی مارسیلیا دروستکراوە. ئەم کۆشکە سەرەتا وەک قەڵایەکی بەرگری بۆ خۆپاراستن لە هێرشە دەریاییەکان دروستکرابوو، بەڵام پاشان ئەو گرنگییەی نەما و کرایە بەندیخانە و، تا ئێستا هیچ بەندکراوێک نەیتوانیوە لەم بەندیخانە هەڵبێت.
سێیەم: دوورگەکانی شەیتان
لەساڵی ١٨٥٢ەوە، سێ دوورگە لە زەریای ئەتڵەسی بووەنەتە مەترسیدارترین بەندیخانە بۆ تاوانبارەکان، بۆیە ناوی لێنراوە "دوورگەکانی شەیتان".
هەڵهاتن لەم بەندیخانە تەنها لەرێگەی زەریاوە دەبێت یان خۆشاردنەوە لەنێو دارستانە ترسناکەکەی، ئەویش مەحاڵە. بۆیە تا ئێستا کەس هەوڵینەداوە هەڵبێت، تەنها لەماوەی ١٠ ساڵدا بەهۆی جێبەجێکردنی کاری قورس و زەحمەت بە بەندکراوەکان، نزیکەی ٨٠ هەزار بەندکراو گیانیان لەدەستداوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق