ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر ڕاگەیەنراوێک بڵاو دەکاتەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأربعاء، 25 مارس 2020

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر ڕاگەیەنراوێک بڵاو دەکاتەوە


بارزان خالد_ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین

شەوی٢٥ـی٣ـی٢٠٢٠ بەسەرپەرشتی "د.فرسەت سۆفی" پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدرا و داوا لەبانکە ئەھلیەکان کرا کە رۆژانی یەک شەمە و چوارشەمە بانکەکان بکەنەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریدابە :

١- بانکە ئەهلیەکانی هەولێر، لە ڕۆژانی (یەک شەممە و چوارشەممە) کراوە دەبن لەکاتژمێر ٨ـی بەیانی تاوەکو ١ـی دوای نێوەڕۆ، بەمەرجی ئەوەی هەر بانکێک لە پێنج کارمەند زیاتری لێ نەبێت بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، بۆشیان هەیە تەنها ١ ئۆتۆمبێل بەپێی باجێکی تایبەتی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، بۆ هاتووچۆکردنیان بەکاربهێنن.

٢- نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو، ئەوانەی لەدەرەوەی شەقامی ٦٠مەترین بەهەمان شێوەی بانکە ئەهلییەکان، ڕۆژانی (یەک شەممە و چوار شەممە) لەکاتژمێر ١٠ـی بەیانی تاوەکو ٣ـی دوای نیوەڕۆ کراوە دەبن، هەروەها نووسینگەکانی تری ناو بازاڕی دۆلار فرۆشانی شێخەالله، دەتوانن لەگەڵ نووسینگەکانی دەرەوەی شەقامی٦٠مەتری کە مۆڵەتیان هەیە، یان لە شوێنێکی تری دەرەوەی بازنەی هەمان شەقام، بەشێوەیەکی کاتی شوێنێک بۆخۆیان دابین بکەن و نووسینگەکانیان بکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە: "لەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و ئاسایش و بازگەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێویستە ئەم بڕیارەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر جێ بەجێ بکەن".


ھەرواھا ئەوەش راگەیاندرا: "بەپێویستی دەزانین جارێکی تر، سوپاسی هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور، لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی هێزەکانی ناوخۆ )بکەین، کە ماندوونەناسانە بەئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵساون.

هەروەها سوپاسی زۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و هێڵی گەرمی١٢٢ و تاقیگەی پشکنینی کۆرۆنا و کارمەند و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی دەکەین کە لەسەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە و خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا وەستاون.

سوپاس بۆ هەماهەنگی داواکاری گشتی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر. 

سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سوری عێراقی و هەموو دەزگاکانی تری خێرخوازی و خێرخوازان کە بەردەوامن لە گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی و هاوکاری بۆ هەژاران و کەمدەرامەتانی سنووری پارێزگای هەولێر.

سوپاس بۆ شارەوانی و کارەبا و ئاو و بەرگری شارستانی و کشتوکاڵ. 

سوپاس بۆ ئیدارە و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگایی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.

لە کوتایی ئەماژە بەوەکرا: "دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهەموو تواناییەوە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستن و پارێزگاری لێکردنیان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پابەندبوونی هاوڵاتییان بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکەینەوە و داواکارین خۆیان بپارێزن و لەماڵەکانیان بمێننەوە".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق