بەشێک لە ژییاننامەی ڕووناکبیری ناوداری کورد "مەحمود زامدار" - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 11 أغسطس 2020

بەشێک لە ژییاننامەی ڕووناکبیری ناوداری کورد "مەحمود زامدار"



هونەری_ نوێ ژین

کوڕی مەلا عەبدوڵڵای شەنەغەیی سەر بە خێڵی شوانە،
لە ساڵی ۱۹٤۲ لە هەولێر لە دایک بووە، دایکیشی هەر مەلا بووە و کچانی شار لای ئەو خوێندوویانە، لە ٥ ساڵییەوە لە حوجرە و لای باوکی خوێندوویەتی ،لە ساڵی ۱۹٤۹ چۆتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی (اربیل الاولی)، لە ساڵی ۱۹٥٤ یەکەمجار چۆتە سینەما لە هەولێر، لە ساڵی ۱۹٥٦ یەکەم تیپی نمایشی لە لاوان و پورزاکانی خۆیی دامەزراندووە لە گەڕەکی سەعدووناوا هەر لەوێش یەکەم نمایشی ئەنجامداوە، لە ساڵی ۱۹٥۷ تیپی فوتبۆڵێنی (سەرکەوتن)ی لە لاوانی گەڕەک دامەزراندووە ،قۆناغەکانی خوێندنی هەر لە هەولێر تەواو کردووە ، پاشان لە کۆلێژی ئەدەبییاتی بەغدا ـ بەشی کوردی دەرچوو، لە ساڵی (۱۹٥۹_۱۹۷۱) لە ڕیزی یەکییەتی قوتابیانی کوردستان بووە.

لە سەرەتایی شەستەکانەوە بە شیعر لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێو و عەبدولخالیق سەرسام و مستەفا پەژار دەستی پێکردووە بە هاندانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەگەڵ برادەرەکانی ئەوسای گوروتینیان بە کوردی نووسین داوە لەناو لاوەکاندا ڕووبەڕووی بە عەرەبی نووسین بوونەوە.
نازناوی (زامدار)یشی لەلایەن براکەی بۆ دانراوە.

دیوەخانی باوکی و مەلا مەسعود بێبەشی برای سەرچاوەیەکی دیکەی خۆ ڕۆشنبیرکردنی بوون.
ـ دیوانە شیعرێکی دەستنووسی شەستەکانی هێشتا ماوە.
ـ وە لە ناوەڕاستی شەستەکان بایەخێکی بەر چاو بە فەلسەفەی پێشکەوتیخوازانە و هەروەها فیکری و جوودی و عەبەسی داوە. 

هەر لە شەستەکان پتر لە (۱٠) شیعر و ئاوازی بۆ هونەرمەندەکانی ئەوسا داناوە.
ـ لە قۆناغی زانکۆیدا بە بەرڤانی ساڵح یوسفی شەهید لە ڕۆژنامەی (هاوکاری) دامەزراوە.
ـ دوو ساڵ لە (ثانوية الاعظمية)ی بەغدا دەرسی بە زمانی کوردی گوتۆتەوە.
ـ لە ساڵی (۱۹۷٠) ژنی هێناوە و ئێستاش باوکی (سیڤەر و کاروان و ڤیان)ە.
ـ لەراگەیاندنی سکرتاریەتی قوتابیان و لە گۆڤاری (خەباتی قوتابیان) لەگەڵ نەوزاد محەمەد عەلی  و قادر حەمەدەمین کاری کردووە.
ـ یەکەم دیداری رۆژنامەوانی لەگەڵ بارزانی نەمردا بووە و لە ژمارە (۳)ی هەمان گۆڤاری ساڵی (۱۹۸٦) و لە ژێر ناوی (قوتابیان سەرە ڕمن) بڵاو کردۆتەوە.
ـ (۳) ساڵ سکرتێری نووسینی گۆڤاری (بەیان) بووە و لەگەڵ دەستەی نووسینی گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان) و (ئەستێرە) و (ڕۆشنبیری نوێ) و (نووسەری کورد) بووە. 

ـ بۆ ماوەی (۱٠) ساڵ بەرنامەی لەگەڵ (شاعیرە لاوەکان) و ئینجا بەرنامەی (جیهانی منداڵان) و (لە ئەدەبی گەلانەوە)ی لە رادیۆی کوردی بەغدا ئامادە و پێشکەشکردووە.
ـ دوو ساڵ (گۆڤاری منداڵانی کورد)ی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک ئامادە کردووە وهاوسەرەکەشی پێشکەشی کردووە.
ـ سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی لە گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکان بڵاوکردۆتەوە.
ـ(۱۲٥٠) دیداری چەشناوچەشنی ڕۆژنامەوانی و ئێزگەیی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان ئەنجام داوە.
ـ(۷٥۳) کۆڕ و زنجیرە کۆڕی جیاجیای لە بەغدا و لە کوردستان سازداوە.
ـ(٥) جار پێشانگای (کتێبی کوردی) و (ڕۆژنامەگەری کوردی) لە بەغدا و دهۆک و هەولێر و خانەقین و رەواندز و کۆیە کردۆتەوە.

ـ لە (۱٠٠) ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا پێشانگایەکی هاوبەشی لەگەڵ عەبدوڵڵا زەنگەنە لە هەولێر و دهۆک کردۆتەوە.
ـ پێشەکی بۆ چەندین کتێب نووسیوە.
ـ دەیان جار یادی گەورە نووسەر و هونەرمەندانی لەسەر شانۆ و لە ئێزگە و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کردۆتەوە.
ـ دۆستی دەیان نووسەری عەرەب و تورکومان و کلد و ئاشورییە.
ـ لە هەشتاکاندا و لە هەولێر بەشداری لە تەکاندانی بزاڤی پێشڕەوایەتی لە شیعر _ تەلیعی _ لەگەڵ دەستبژێرێکی شاعیرانی نوێخواز کردووە.
ـ بەشداری لە شانۆگەری (شەوی کۆتایی _ ۱۹٦٠) و فلیمی تەلەفزیۆنی (نازە)دا کردووە. 
ـ (۳٠) شانۆنامە و بەرهەمی (۱۲٠) شاعیر و (۳٠) چیرۆکنووسی جیهانی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکەمان.
ـ هەر لە خەفتاکانەوە لە سەرجەم میەرجان و بۆنە ئەدەبی و هونەرییەکاندا بەشدار بووە.
ـ لە ساڵی (۲٠٠٠) لەگەڵ شاندی وەزارەتی رۆشنبیری لە فیستیڤاڵی هەورامانناسی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداربووە.
ـ لە پایزی ساڵی (۱۹۹۱ _ ۱۹۹۳) لە رادیۆی دەنگی کوردستان چەندین بەرنامە کوردی و عەرەبی ئامادە و پێشکەش کردووە ،دیارترینیان (لە کەلەپووری زیندووی بارزانی نەمر) و (انسام جبلیة)، کە تەلەفزیۆنی کردستانیش کەوتۆتە پەخش هەمان ئەو بەرنامانەی ئامادە کردووە و لە لایەن کارمەندەکانیشەوە پێشکەشکراون.
ـ بۆ ماوەی ساڵێک لە تەلەفزیۆنی هەرێمی جاران بەرنامەی (لە ئەدەبی گەلانەوە)ی ئامادە و پێشکەش کردووە.
ـ چەندین بەرنامەی بۆ سەتەلایتی کوردستان ئامادە کردووە و پێشکەش کراون.
ـ لە دەنگی کوردستان بەرنامەی (واڵا..واڵاتر) پێشکەش کردووە.
ـ لە بەشی ڕیپۆرتاژی گۆڤاری (رامان) و هەروەها لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەک (شارەزا) دەست بەکار بووە.
ـ لە ساڵی (۱۹۷٠)وە ئەندامی یەکییەتی نووسەرانی 
کوردە.
ـ ئەندامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەیی کوردی بووە.
ـ ئەندامی کارایی سەندیکایی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە.
ـ ئەندامی شانازیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووە.
ـ لە ۲٠٠٦/٥/۱٥، لە گەشتێکی رووناکبیری بۆ وڵاتی سوریا و لوبنان لەگەڵ دەزگای چاپ و بڵاوکراوەکانی بەدر خان بە هاورێیەتی رووناکبیران بەشدار بووە.
ــ ئەم کتێب و نامیلکانەشی چاپکردووە:
ـ بۆنی هەڵاڵان دێ _۱۹۷٥
ـ وێرانە خاک _۱۹۷٥
ـ فەرهەنگی لەک و لور _ ۱۹۷۸
ـ دەروازەیەک بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی _۱۹۸٠
ـ لە بانیژەی شیعرەوە _ ۱۹۸۱
ـ تۆپە زەردەکە _ ۱۹۸۱
ـ کێشەکانی شانۆی هاوچەرخ _ ۱۹۸۳
ـ ڕۆژنامەی هەولێر _ ۱۹۸۸
ـ شیعر و بەرهەڵستکاری و ڕاچەنین لە کوردستانی ئێراندا _ ۱۹۸۹
ـ کۆمیدیای کەرایەتی _ ۱۹۹٥
ـ دەرە کورد _ ۱۹۹۷
ـ گفتوگۆ _ ۱۹۹۷ _ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید.
ـ ڕۆژنامەی (کوردستان)ی دایک _ ۱۹۹۸
ـ گەشتێک لەنێو بزاڤی ڕۆژنامەگەری کوردی _ ۱۹۹۸
 ـ دەستنووسێکی شاکر فەتاحی شەهید _ ۱۹۹۸ _ لەگەڵ فلک الدین کاکەیی.
ـ بارزانی نەمر چریکەی چیا _ ۱۹۹۸
ـ ناو لە نێو زمان و گەلی ئێمەدا _ ۱۹۹۸
ـ دامەزراندن و ئەفراندن _ ۱۹۹۹
ـ پاژێک لە کەلەپووری بارزانی نەمر _ ۱۹۹۹
ـ گەشتی زمان و فیکر و ئیستێتیکا _ ۱۹۹۹ _ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید.
ـ گفتوگۆ  _ ۱۹۹۹ _ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید.
ـ دیالۆگ _ ۲٠٠٠ _ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید.
ـ شانۆ _ ڕوانینی نوێ _ داهێنان _ ۲٠٠۱ _ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید.
ـ شڤان پەروەر _ ۲٠٠۲ _ لەگەڵ ئازاد عەبدولواحید.
ـ مێو، جگەرگۆشەکەم _ ۲٠٠۲
ـ بارزانی نەمر چریکەی چیا _ ۲٠٠۳
ـ سیما سیاسییەکانی بارزانی نەمر _ ۲٠٠۳
ـ لە نێو دڵی شانۆدا _ ۲٠٠٤
ـ ۱۸ سەعات لە ژیانی مستەر بلووم _ ۲٠٠٥
ـ کەرنەڤاڵی تارماییەکانی مەرگ _ ۲٠٠٥
ـ سەرجەم کتێبەکانی حوزنی موکریانی _ لە دەزگای ئاراس چاپکراوە.
ـ فەرهەنگیلەی ساوایانی کورد...
ـ دیالۆگی کوردی زنجیرە درامایی مەمی ئالان.
ـ سیناریۆی فلیمی نازە، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر _ ۲٠۱۱
ـ جاهیدی بگەڕێ.
ـ مەلا مستەفای بارزانی سەرکردە و ڕێبەری شۆڕشی کورد، د.عەبدولفەتاح بۆتانی، وەرگێڕانی مەحمود زامدار، لە بڵاوکراوەکانی دەنگی کوردستان، هەولێر چاپخانەی دارا _ ۲٠۱۱
*ماجەرای زامدار کە بۆ مەراسیمی چلەی ماتەمینی (زامدار) چاپکراوە، هەولێر  _ ۲٠۱۱
ــ دەستنووس:
ـ (٤) تێکستی شیعری شێخ سەنعان و لێکۆڵینەوەیەک.
ـ (۱٠) کورتە چیرۆکی هەڵبژاردەی جیهانی.
ـ (٥٠) چامەی هەڵبژاردەی جیهانی.
ـ رادار  _ کۆمەڵە گوتار.
ـ مائی و یاوەرەکەی.
ـــ هەندێک لە کتێبەکانی زامدار لە پاش مردنی ۲٠۱۱/۹/۸ چاپکراون.

بەپێی وتەکانی (سەعدیە) خانی هاوسەری (زامدار) لە سەرەتادا ژیانێکی هەژار و سادەو ساکای هەبووە، هەر وەک دەڵێت: لە گەرەکی راغیبە خاتوون لە بەغدا ژوورێکمان بە کرێ گرتبوو، دووبلۆکم دانابوو تەختەیەکم خستبووە بانی و کردبوومە مەکتەبە بۆ زامدار.
هەڵبەتە زامدار و هاوسەرەکەی لەڕێی خزمایەتییەوە یەکتری دەناسن و دواتر دەبنە هاوژینی یەکتری و تەمەنێکی درێژ بەیەکەوە بەڕێ دەکەن.
سەعدیەخان دەڵێت: کاتێک زامدار لە نووسینی کتێبێک یان وەرگێڕان و نووسینێکی تەواو دەکرد لە دڵەوە زۆر خۆشحاڵ دەبووم، بەڵام لای ئەو دەرم نەدەبری دەمگوت ڕەنگە بەو خۆشحاڵییەی من لە نووسین بکەوێت و چیتر لێکۆڵینەوە و داهێنان نەکات، بەڵام زامدار خۆیی ئەوەندە دڵخۆش دەبوو کە ئەو شەوە نەیدەتوانی بخەوێ.
لە پاڵ قسەکانی دایکیدا (سیڤەر)ی کوڕە گەورەی زامدار گوتی: کاتێک کتێبێکی نوێی چاپکرابایە بە ئێمەی دەگووت برایەکی نوێتان لە بۆ زیاد بوو، وە ئێستا من ئەو کتێبە بە هەموو دونیا نادەم.
وە بەداخەوە زۆربەی هاوڕێکانی زامدار بێوەفا بوون، سەرەڕای ئەوەی پێیداگەیاندن و شتی لێوە فێر دەبوون، بەڵام لە کۆتاییدا پشتیان لێ دەکرد.
هاوسەری زامدار سەبارەت بە ژیان و هەڵسوکەوت و چۆنییەتی مامەڵەو گونجانی هاوژینەکەی گوتی:
زامدار تووڕە نەدەبوو، هەموو تووڕە بوونێکی لە نیو کاتژمێر تێپەڕی نەدەکرد، دڵی ڕەش نەبوو، شتی لای خۆی هەڵنەدەگرت، دڵی پیس نەبوو، زۆریش ڕێزی لە کات دەگرت، کات بە مانا ڕووتەکەی نا.
زامدار زۆر کەم خۆی لە چاوپێکەوتن و دیمانە دەدا لەم بارەیەوە هاوسەری زامدار دەڵێت: ئەمە پەیوەست بوو بە حەزنەکردنی لە خۆدەرخستن و مەدح و سەنا.
سیڤەر دەڵێت، لە ڕاستیدا یەکێکییان دەیگوت: جارێ ئەمن چیم کردووە، بەمیشە ئەو وتە ناودارەی دوبارە دەکردەوە، ئەمن ئەوەی دەزانم،کە هیچ نازانم.
دووەم دەیگوت: هێشتا بە تەواوی ئەو کەسەم نەدۆزیوەتەوە بە حەقیقەت بمورووژێنێت، بتوانێت چی لە بیر و مێشکمدایە دەری بێنێت، لەچاو پێکەوتنەکە تێرم بکات، هەر بۆیە نە ئەو خۆی لە یادداشتەکانیدا نە منیش توانیم یادداشتەکانی بینووسمەوە.
زامدار شاهید حاڵی چەند نەوەیەک بوو، ئاگاداری زۆر ڕوداو  بیرەوەری بوو.
بۆیە دەیگوت ئەگەر قسە بکەم دەبێت بە راشکاوی بدوێم و بنووسم، ئەو دەمە ئەگەر نەشکوژرێم لێم تووڕە و دڵگران دەبن، چونکە ڕاستی و ڕاشکاوییە. 
بەڵام ئەگەر یەکێک (دەردە کورد) بخوێنێتەوە سەر و سیمای مەحمود زامدار دەدۆزێتەوە و بەرجەستە بووە، هەروەها کۆمیدیای کەرایەتیش کە دوو کتێبە هەندێک دەستنووسی دیکەش کە پاراستوومانە و کون بە کون و شوێن بە شوێن لەگەڵ خۆمان گەڕاندوومانە لەگەڵ خۆمان، هەر ئاواش ئەو کتێبانە و دەستنووسانەیان لەگەڵ دایکم پاراستووە.
چونکە ئەگەر ئەونووسینانەی لە کاتی خۆی لێ بگیرا بوایە، ئەوا گومانی تێدا نییە لە سێدارەیان دەدا.
هاوسەری زامدار دەڵێ:((ئەم جۆرە کتێبانەم دەبردنە کفری و جارێکی دیکە دەمبردنەوە بەغدا بەم جۆرە دەمپاراستن، جارانیش کتێبخانەی ئاوا گەورە نەبوو، کتێبەکانیش  زۆر نەبوون، بەم دواییانە کاک نێچیرڤان بارزانی پێی گوت کتێبخانەیەکی زۆر جوان و لەسەر شێوازی تازەت بۆ دروست دەکەین، بەڵام هەر خۆی حەزی لێبوو لەسەر ئەم شێوازە کۆنەی بمێنەوە)).

جێی باسە زامدار دوای مردنی دوو دیداری بڵاو کرایەوە کە خۆی نەیدیت.
یەکەمییان _ پێش مردنی لە هەفتەنامەی چاودێر بە ناونیشانی:
خۆزیا تەمەنم ٥٠٠ ساڵ بوایە تا بە ئۆقیانووسی کتێبا دڵۆپێکم هەڵمژیایە...!؟
لەم چاوپێککەوتنەدا زامدار لە وەڵامی پرسیارێکی (ڕەخنەی چاودێردا) دەڵێت:
باوەڕم بە وەسێت و وەسێتکاری نییە حەزیش دەکەم ــ گەر بارگرانی نەبێت ــ لە کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند و بەر هەرای بنار چیایەکی بەرز بمنێژن.
دووەمیان _ گەشتێک بەناو ژیان و بەرهەمەکانی زامدار.
لەم دیدارەشدا زامدار چەندین نهێنی ئاشکرا دەکات:
۱ـ زامدار ۷ جار قورئانی ختم کردووە.
۲ـ زامدار پێنج ساڵ لە چاپخانەی گیوی موکریانی کاریکردووە.
۳ـ زامدار حەزی لە بەشی فەلسەفە بوو بەڵام لە بەشی کوردی وەرگیرا.
٤ـ زامدار دوو تا سێ جار شانسی چوونە دەرەوەی هەبوو بۆ خوێندن بەڵام نەچووە.
٥ـ زامدار زۆر حەزی لێبووە ببێتە گۆرانی بێژ.

وە هەروەها (زامداریات)گۆشەیەک بوو، بە خامەی رەوانشاد (خالید جوتیار)، لە هەفتەنامەی بەدرخان دەنووسرا، تا زنجیرەی (۱٥) بەردەوام بوو.

دەسنووسێکی ناوازەی زامدار:

کە گەنج بووم...!
کە منداڵ بووم، دوای گەمەی پاکی منداڵانە، دەمخوێند و دەمخوێند...کە مێرد منداڵ بووم دوای  یاریە دڵڕفێنەکانی ئەو گاڤە دەمخوێند و دەمخوێندەوە...کە لە هەڕەتی گەنجی دابووم، کەوتمە نێو دنیای سەراسیمە و پر لە رازی دڵداری و نامە گۆڕینەوە و ڕێکخستنی نێو ڕیزی قوتابیانی کوردستان، هەر دەمخوێند و دەمخوێند و دەمخوێند...بەتاسە و حەز و گزوفتەوە ڕووم لە هەموو کێڵگەکانی ئەدەب و هونەر و زانست و فەلسەفە بوو، هەر دەمخوێند و دەمخوێند و دەمخوێندەوە...هەموو شتێکی جوانی نێو بزاڤی کوردایەتی و مرۆڤایەتیم دەخوێندەوە تا یەک پارچە  خوێندنەوە بوو بە خوویەکی شیرین و بە سێبەرێکی سایە بان، بە خەونێکی پڕ لە سیتاڤگ...خوێندن و خوێندن و خوێندنەوە...خوێندنەوە بوو بە سەرازاوی و گیانفیرازی و خۆدۆزینەوە و ڕادەربڕین و بوێری و چاو نەترسان...لە بەردەم پەیکەری سامداری هزرمەند و فەیلەسووف و کەڵەڕابەرەکانی جوانی نوێژم دابەست...!
لە تەمەنی جوامێریمدا سەرباری ئەرکەکانی سەرشانی بژێوی ڕۆژانە و ماڵ و منداڵ پەروەردە و بەخێوکردن هەر دەمخوێند و دەمخوێند، تا خوێندنەوە بە جارێک چووە نێو هیمۆگڵۆبینی خوێنم و دڵ و دەروونیشم لە بەردەم کانیاوی (وشەی جوان)دا خەوەنوچکەی دەبرد...!
کە پێم نایە سەر پردی پیری...ئاخ پیری...!
سەرم وەک کڵۆ بەفرەکانی زۆزك و هەڵگورد سپی داگەڕا...هەر دەخوێنم و دەخوێنم و دەخوێنم و چەندین و چەند نەخۆشیشم هەیە هێشتا هەر خۆم بە لاوێکی زیتەڵەی بیست ساڵان دێتە بەر چاو ...ئا بەڵێ: چونکە خوێندن دژی دڵە ڕاوکێ و ترس و خۆشاردنەوە و ڕەفتاری نا مەردانەیە، سەرخستنی خەون و پەیامە شیرینەکانی مرۆڤە...هەر مرۆڤێ...!
لە هەر شوێنێ خوێندن و خوێندنەوەی قووڵ و رەگاژۆ هەبێت پیری  وبێداری و ستەم و زۆرداری نییە و لەگەڵ یەک ناسازێن...!

ئەوەندەم خوێند تا خوێندنم بێزار کرد...هەر هێشتا قەترە بە دەریایەکم نەخوێندەوە...هەر ئەوەش وای لێکردووم لەگەڵ گەنجان هاوسۆز و هاودەم و هاوشەو بم گەنجانەش بیربکەمەوە...!
ـ لە خوێندندا چەند چەند بخوێنی و چەندیش بزانی ئەوەندە و دوو ئەوەندەش خاکەڕا و دڵساف و  سادە و بێگەرد دەبی و لە هەموو چەشنە کەشوفش  و لاف و گەزافێک لاتەریک...!
ـ ڕاشمسپاردووە کە گەردەلوولی مەرگ رایپێچام، یەک بارە کتێبی دانسقە لە ژوور سەرم بێ...!

نووسین: سەفەر مظفر سعید
۱٠ـی۸ـی۲٠۲٠

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق