راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الاثنين، 26 أكتوبر 2020

راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان

 




ناوەندی هەواڵ ــ نوێ ژین

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ژمارەیەک هێرشی تێکدەرانەی لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکردووەتەوە، کە بەشێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" پیلانیان بۆ داڕێژراوە و، ویستوویانە کاری تێکدەرانە بکەن و چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان بەئامانج بکەن.

لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە ۲٦ تشرینی یەکەمی ۲۰۲۰، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا هەیە و لەلایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون. ئەو کەس و لایەنانەی بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاری پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلۆماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر".

لە راگەیەندراوەکەدا وردەکاریی سێ کەیس ئاشکراکراوە. ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها لەڕێگەی ئینتەرپوولەوە داوای هاوکاری لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی لەو کەیسانە تێوەگلاون و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.

کەیسەکان بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

کەیسی یەکەم،لەم کەیسەدا ۱۲ کەسی گومانلێکراو هەن، کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن، لە نێویشیاندا ئەوروپا. ئەوانە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو.

هێزەکانی ئاسایش دوای زیاتر لە چوار مانگ لە چاودێریکردنی گرووپەکە توانیویانە گومانلێکراوەکان دەستگیربکەن. ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها دەڵێ "لەنێو گومانلێکراوان دووانیان هاووڵاتی سوورین".

کەیسی دووەم،لەم کەیسەدا هەشت کەس کە سەرجەمیان هاووڵاتی عێراقین دەستگیرکراون، ئەوان هەوڵیان داوە پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان تیرۆر بکەن و چەندین کاری تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی لە دهۆک بکەن.

کەیسی سێیەم،دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی دژەهەواڵگری بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، پۆلیس توانی حەوت کەس دەستگیربکات، کە هەموویان هاووڵاتی عێراقین، ئەوانە بەشێکن لە تۆڕێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازی لەبارەی دامەزراوەکانی حکومەت و بەرپرسانی.

بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو تۆڕە پیلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان داناوە و، زانیارییان لەگەڵ چەند لایەنێک لەنێویاندا پەکەکە ئاڵوگۆڕ کردووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان " پەکەکە" پلانی بۆ دانرابوو بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە. هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون.

ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.

دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە. لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتيش "ئینتەرپۆل"ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا.

کەیسی یەکەمدا دوازدە کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو. ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان. لە دوای چاودێریکردنی گرووپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراويش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاووڵاتی سووری هەن. گومانلێکراوان بەپێی ماددەی ۱ـی یاسای ۲۱ ی ساڵی ۲۰۰۳ رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاووڵاتی عێراقین. ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە. هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو. بەم زووانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی ۱ـی یاسای ۲۱ـی ساڵی۲۰۰۳ رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاووڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی ۱ـی یاسای ۲۱ـی ساڵی ۲۰۰۳ و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکرێن. بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازيی لە بارەی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو. گرووپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە. ئێمە حکوومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کردۆته‌وه‌.

ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات کە هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن، رەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق