ڕۆماتیزمی چاو چیە؟ - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأحد، 11 أكتوبر 2020

ڕۆماتیزمی چاو چیە؟




مریەم احمد ــ تەندروستی ـــ نوێ ژین

سەدان جۆری ڕۆماتیزم هەیە و ڕەنگە هیچ ئەندامێکی جەستە نەبێت کە یەکێک لە جۆرەکانی ڕۆماتیزمە کاری لێنەکات، چونکە ڕۆماتیزم کار لە کۆلاجین دەکات و لە پێکهاتەی بەشێکی زۆری جەستەشدا کۆلاجین هەیە.

ئەم دەرکەوتانەی چاو، لەوانەیە بەهۆی ڕۆماتیزم بن:ـ

١ـ وشکیی چاو: وشکیی چاو هەندێکجار بەهۆی هێرشی کۆئەندامی بەرگری دەبێت بە هەڵە بۆ سەر فرمێسکە ڕژێنەکان و تێکشاندن و لاوازکردنیان، یاخود بە ڕیوشوێنی جیاجیای دیکە فرمێسک دەردان کەمبکرێتەوە "لە نەخۆشییەکانی شۆگرن، رەقبوونی پێست و هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە".

٢ـ سۆ و هەوکردنی سپێنەی چاو: سووربوونەوەی چاو، کە هەندێکجار بە ئازارە و زۆرکات بە قەترە ئاساییەکانی دژە سووربوونەوە چاکنابێت، دەکرێ هەستیار بیت بە ڕوناکی و توانای بینین کەمببێتەوە "لە هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە، هەوکرنی کڕکڕاگە و نەخۆشیی ڤێگنەر".

٣ـ هەوکردنی بیلبیلە (رەنگینە): نیشانەکانی بریتین لە ئازاری چاو، سووربوونەوەی چاو و هەستیاریی بە ڕووناکی. هەوکردنەکە لە ڕەنگینەی چاودایە و دەکەوێتە نێوان بەشی پشتەوە "تۆڕەی چاو" و سپینەی چاو لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی و نەخۆشیی بەهجەت.

٤ـ گیرانی موولوولەکانی تۆڕی چاو: نیشانەکان بریتین لە تاریکبوونی چاو هەستدەکەیت پەردەیەک بەسەر چاوتدا دادراوەتەوە، تاریکبوونەکە زۆرکات کتوپڕە و ماوە ماوە دێت و دەڕوات، واتە چاکدەبێتەوە و ڕوودەداتەوە، هەندێکجاریش دەبێتە گرفتێکی هەمیشەیی،لە لووپەس "گورگەسوورە"، ڕەقبوونی پێست، نەخۆشیی بەهجەت، نەخۆشیی سارکۆید و هەندێک جۆری هەوکردنی لوولەکانی خوێن کە هەموویان بە ڕۆماتیزم دادەنرێن.

٥ـ ئاوی ڕەشی چاو: نیشانەکان بریتین لە: ئازاری چاو، تەڵخبوونی بینایی، بینینی خەرمانە بە دەوری ڕووناکیدا. بەزۆریی بەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری ناو گۆی چاوە کە دەماری بینین دەپەستێوێت و ئەگەر چارە نەکرێت دەمارەکە لەکاردەخات و دەبێتەهۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینایی، لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز،ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزمیی

٦ـ ئاوی سپیی چاو: : نیشانەکان بریتین لە: تەڵخبوونی بینین، تێکچوونی بینایی لە شەواندا، هەستکردن بە کالبونەوەی ڕەنگەکان، لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزم.

ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ت هه‌یه‌ ده‌بێت بچیته‌ لای پسپۆڕێك، چونکە ئەگەر هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستنیشانكرێت و چاره‌سه‌ری له‌باری بۆ بكرێت ئه‌وا ئه‌و زیانه‌ی تووشی چاو هاتووه‌  تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ .

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق