سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەشتی ئازارەوە، ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ئازاری ٢٠٢١، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "لە یادی هەشتی ئازار، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم، بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا".
وتیشی: "بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان".
باسی لەوەش کرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە، پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا".
لە کۆتاییشدا وتی: "شکۆدار بێت هەشتی ئازار، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق