سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 16 مارس 2021

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

 



ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین


 نێچیرڤان بارزانی ،سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە هەنگاوی کردەیی بنێت."


ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:


ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی بەعس و شه‌هيدبوونى زیاتر له‌ پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و وێرانبوونی شارەکە و ده‌ربه‌ده‌ربوونی خەڵکەکەیدا، تێدەپەڕێت.


لە یادی هەرگیز لەیادنەچووی ئەو مه‌رگه‌ساته‌ گەورەیەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وێڕای دروود و سڵاو و سەردانه‌واندن لە ئاست شەهیدان و قوربانییەکاندا، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکه‌وه‌ییی هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان و بەفیڕۆنەچوونی ڕەنج و خەباتی گه‌له‌که‌مان، هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.


لەم یادەدا دووبارە جەخت لە بایەخدانی زياتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.


داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، وەک بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی و ئەخلاقی، لەمباره‌یه‌وه‌ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت.


لە یادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌که‌ین کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن. دەبێ ئه‌مه‌ خەمی هەموو جیهان بێت لەپێناو پاراستنی ژیان و ژینگە و شارستانییه‌تدا.


شه‌هيدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن و لە ویژدانی کوردستانیياندا زیندوون، سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق