لەکەرکوک سیمینارێک بۆبەرزکردنەوەی توانای خوێندکاران ڕێکخرا. - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 30 أبريل 2019

لەکەرکوک سیمینارێک بۆبەرزکردنەوەی توانای خوێندکاران ڕێکخرا.


ئاکام سەمەد_ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین

لەشاری کەرکوک سیمینارێک بۆ (دکتۆر زانا ئەحمەد قەساب، پسپۆڕی بواری دەروونی) ڕێکخرا و ئامانج لەسیمینارەکە بەرزکردنەوەی توانای خوێندنی خوێندکارانی پۆلی شەشی ئامادەیی بوو لەشاری کەرکوک.

سیمینارەکە لەلایەن (کۆمەڵەی خێرخوازی کەرکوک) بەهاوکاری پەیمانگای (سمارت) بۆپەرەپێدانی توانای خوێندکاران ڕێکخرابوو، داهاتی سیمینارەکەش بەخشرایە کۆمەڵەکە بۆئەوەی بتوانن لەڕێی ئەو بڕە پارەیەوە چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن بۆزیاتر سود گەیاندن بەشارەکە.

لەوبارەیەوە (زانا سابیر کەریم، مامۆستا و خاوەنی پەیمانگای سمارت) لەلێدوانێکدا بەسایتی نوێ ژینی ڕاگەیاند، هەموو ساڵێک خوێندکاران کاتێک، کەلەماڵەوە دەبن بۆخۆئامادەکردن بۆتاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، خشتەی کاتەکانی خوێندنیان لێ تێکدەچێت، بەهۆی ئەوەی کەسێک نییە لەماڵەوە ڕێنماییان بکات.

سەبارەت بەداهاتی سیمینارەکە، زانا سابیر ڕاشیگەیاند: "هەموو ساڵێک سیمینارەکە بەبێ بەرامبەر بووە بەڵام ئەم ساڵ بڕیارماند نرخێکی ڕەمزی بۆئەو سیمینارە دابنێنین و داهاتەکەشی دەبەخشین بەکۆمەڵەی خێرخوازی کەرکوک".

لەو سیمینارەدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بە کۆمەڵەی خێرخوازی کەرکوک بەخشرا و سالار قادر بەرپرسی پلاندانانی کۆمەڵەکەش بەنوێنەرایەتی کۆمەڵەکە خەڵاتی ڕێزلێنانەکەی وەرگرت.

سالار قادر بەرپرسی پلاندانانی کۆمەڵەی خێرخوازی کەرکوک بەسایتی نوێ ژینی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا توانیمان بەهاوکاری پەیمانگای سمارت خولێک بۆڕاهێنان بۆنزیکەی ۱٥۰خوێندکاری هەژار و کەم دەرامەت ڕێکبخەین و خولەکە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بڕیارماندا بەهاوکاری پەیمانگای سمارت سیمینارێک بۆدکتۆر زانا ئەحمەد قەساب ڕێکبخەین بۆئەوەی خوێندکارانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی سودی لێوەربگرن.

لەلایەن خۆشییەوە دکتۆر زانا ئەحمەد قەساب پسپۆڕی دەروونی و پێشکەشکاری سیمینارەکە لەبارەی سیمینارەکەوە بەنوێ ژینی ڕاگەیاند، چالاکییە بۆخوێندکارانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بەشەکانی وێژەیی و زانستی ڕێکخرابوو بەئامانجی ئەوەی خوێندکاران فێربکرێن کەواچۆن خۆیان ئامادەبکەن بۆتاقیکردنەوەکان و بەسەر ترس زاڵبن.

لەبارەی ئەوەی دۆخی ئەمنی کەرکوک بەگشتی لەدوای ڕووداوەکانی کۆتایی ساڵی ۲۰۱۷ و کاریگەریان بەسەر خوێندکاران، دکتۆر زانا وتی، ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی بەسەر کەرکوکدا هاتووە کاریگەری خراپ و ناخۆشی لەسەر دەروونی هەموو تاکێکی کورد هەبووە جا چ جای کەرکوکییەکان کەلێرەن، ڕایشیگەیاند ئەمە پێویستی بەسڕینەوەی ئەو ئازارە و ڕێنمایی کردن هەیە بەتایبەتی بۆخوێندکاران، تابتوانن زاڵبن بەسەر ناڕەحەتییەکان بۆئەوەی بتوانن نمرەیەکی باش بەدەست بهێنن و خزمەتی کۆمەڵگا بکەن.

ئیڤان ئالان کچە خوێندکارێکی پۆلی شەشی ئامادەیی بوو، ئەویش وەک هاوڕێکانی ئامادەی ئەو سیمینارە بوو هاکاوکات خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بەڕێکخستنی سیمینارەکە و لەلێدوانێکیشدا سەبارەت بەکاریگەرییەکانی ئەو سیمینارە لەسەر خوێندکاران، ئیڤان وتی: "لەم سیمینارەی دکتۆر زانا خوێندکاران سودی زۆری لێوەردەگرن لەوەی چۆن ورەی خۆمان بەرزبکەین و کاتەکانی خوێندن و پشوودان دیاری بکەین".

ئیڤان ئەوەشی بۆوتەکانی زیادکرد، کەکاتی تاقیکردنەوەکان ورەی خوێندکاران نزم دەبێتەوە، بەڵام لەڕێی ئەو جۆرە سیمینارانەوە دەتواندرێ ورەی خوێندکاران بەرزبکرێتەوە.

لەبەشێکی تری سیمینارەکەدا لەلایەن خاوەنی پەیمانگای سمارتەوە بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بەسێ گەنجی شاری کەرکوک بەناوەکانی (گەیلان و عەلی و ئەحمەد) کەتوانیویانە لەڕێی چالاکییەکانیان لەسۆشیاڵ میدیا سود بەکۆمەڵگا بگەیەنن.

هەر لەو سیمینارەدا چەند خوێندکارێک کەپێشتر لەڕێی ئەو سیمینارەوە ئاستی بەرزیان بەدەستهێنابوو لەسەر ستەیجی سیمینارەکە باسیان لەئەزموونی خۆیان کرد.

لەکۆتایی سیمینارەکەدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرا بەژمارەیەک مامۆستای پەیمانگای سمارت کەخزمەتیان بەخوێندکارانی کەرکوک کردووە.




ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق