بڕیاری کۆتایی لەبارەی خوێندنی ئەم ساڵەوە دەرکرا - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأحد، 1 نوفمبر 2020

بڕیاری کۆتایی لەبارەی خوێندنی ئەم ساڵەوە دەرکرا


ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین



لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبارەی ناوەندەكانی خوێندنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، چەند بڕیارێکی دەرکرد و رایگەیاند، دەوامی قۆناغەکانی ١ و ٢ بنەڕەتی و ١٢ ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)  تاوەکو رۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠ رادەگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت. 

 

 

دەقی راگەیێندراوی لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا:

 

ڕۆژی١ـی١١ـی٢٠٢٠ بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوەخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە.

 

هەر یەک لە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردە و د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندینی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.  

 

دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، مامۆستایان، قوتابیان و خوێندكاران، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

 

١- دەوامی قۆناغەکانی ١ و ٢ بنەڕەتی و ١٢ ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)  تا رۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠) رادەگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت. 

 

٢- قۆناغی ١٢ ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی وەربگرن.

 

٣- قۆناغی ٣ بنەرەتی تا ١١ ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. 

 

٤- سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان تا رۆژی١ـی١٢ـی٢٠٢٠ رادەگیرێت، وسەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

 

٥- ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێوست نیە و ژمارەی قوتابی وخۆیندکارانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

 

٦- دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠ رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

 

٧- دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠ رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

 

٨- بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

 

٩- لە زانكۆ وپەیمانگەکان بۆ بەشە زانستییەکان وکۆمەڵەی پزیشکی، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) تا رۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠ وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

 

١٠- لە زانكۆ وپەیمانگاکان بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان لە خوێندنی ئاوێتە ڕێژەی هەرەزۆری بە ئەلکترۆنی دەبێت و ئەو بەشە زانستییانەی كه پێویستیان بە تاقیگە هەیە، تا رۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠ خوێندنیان لە نێو كامپەس دەبێت.

 

١١- راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان وپەرستگاکان -مزگەوت وکلێساکان- وپابەندکردنیان بە جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

 

١٣ دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە ٥٢ لە ٢٤ـی١٠ـی٢٠٢٠.


ئەم بڕیارانە تا ڕۆژی ١ـی١٢ـی٢٠٢٠ کاری پێدەکرێت.

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان. 

 

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق