دیار حسێن - ناوەندی هەواڵ - نوێ ژین
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و داوایکرد رێژەی سەوزایی لە هەولێر زیادبکرێ، ئەویش بڕیاریدا لەسەر ئەرکی خۆی سێ پارک بۆ هەولێر لە گەڕەکەکانی رۆشنبیری و ژیان هەروەها ناحیەی هەریر دروستبکات.
دوێنی چوارشەممە ۲۷ـی تشرینی دووەمی ۲۰۱۹ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بەمیدیاکانی نزیک لەپارتی ڕاگەیاند، "لەگەڵ سەرجەم قایمقامییەت و شارەوانییەکانی سەنتەر و دەوروبەری هەولێر کۆبووینەتەوە بۆئەوەی پلانێکی تۆکمە بۆ هەولێر دابڕێژین، بۆ ئێستاش رەزامەندی حکومەتی عێراقمان وەرگرتووە بۆ وەرگرتنی قەرزی ژاپۆن کە بڕەکەی ۲۸۸ ملیۆن دۆلارە کە ماوەیەکی زۆرە راوەستاوە، ئەمەش چەندین گرفتی خزمەتگوزاری لە هەولێر چارەسەر دەکات".
فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوش کرد "لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاکی هەولێر و هێنانی ریسایکلین، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی باشمان ناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامی باشی دەبێت، هەروەها پرۆسەیەکی تۆکمە بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان دەستیپێکردووە بە تایبەت رێگەکانی دەرەوەی شار، لە چەند رۆژی داهاتوودا زۆربەی ئەو رێگا خراپانە چاکدەکرێنەوە بەتایبەتی جادە تێکچووەکانی ناو هەولێر".
، فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە لە چەند ساڵی رابردوودا نەتوانراوە وەکو پێویست قوتابخانە و نەخۆشخانە دروستبکرێن، ئێستا
هەشت کەس ئامادەییان دەربڕیوە خۆبەخشانە و بێبەرامبەر نەخۆشخانە و قوتابخانە لە سنووری هەولێر دروستبکەن، ئێمەش دەستخۆشیمان لێکردوون و بەمزووانە پرۆژەکانیان تەواودەبن".
جێگای ئاماژە پێدانە پارێزگاری هەولێر دەڵێت "لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوومەتەوە و داوامکرد رێژەی سەوزایی لە هەولێر زیادبکرێ، ئەویش بڕیاریدا لەسەر ئەرکی خۆی سێ پارک بۆ هەولێر لە گەڕەکەکانی رۆشنبیری و ژیان هەروەها ناحیەی هەریر دروستبکات، هەروەها ئێستا پرۆژەیەکمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی یاسایەک دابنرێت کە هەر منداڵێک لەدایک ببێ دارێکی بۆ بچێنرێت".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق