ژنێک لە لوتکەی سادەییدا - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 31 ديسمبر 2019

ژنێک لە لوتکەی سادەییدا

نوسین: سۆما خالید

من مکیاژ کردنم کەم کردۆتەوە پێموایە جوانترین خانمانیش ئەوانەن ژیانیان لە کردنی مەیک ئاپ و جلوبەرگی گرانبەها و جوانکاری بەهەموو شێوەکان دوور خستوتەوە، هەرچەندە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ بەشێک لە سروشتی خانمان، بەڵام هەموو شتێک بە پێی پێویستی جوانترە و زیادەڕەوی تێدا نەکەن بەتەنها لکاندنی گوڵێک بە قژەکانتانەوە دەچنە ترۆپکی جوانی و کە موحیبەت لە دڵ و زارتان دەتکێ.

لام ئاساییە گەر بە کراس و پانتۆڵێکی سادەش بچمە بازاڕ یان هەر شوێنێک بۆ بینینی کەسێکیش بچمە دەرەوە پرچەکانم رێکخستنی زۆری ناوێت با لات ئاسایی بێت جار جار بێ خۆ ڕێکخستن بچیتە بەردەمی خەڵکی تۆ ناوێ هەرچیەکی لێبنێت ئەوەی لام گرنگە ئەو خاڵەیە کە پێی گەیشتووم ئەویش ئەوەیە کە ئەمە خاڵی سەرکەوتنی منە لە ژیاندا و بەهۆی متمانە و بڕوا بەخۆبوونەوە دروست بووە.

ئێستا دەزانم ژیان چییە، چونکە ژیان پێویستی بە ژنێکی بەهێز هەیە نەوەک لاواز و ئەوانەی جەستە و روخساری خۆیان بە کەم و ناشرین دەبینن ئێمەی ژن تا سادەتر بین جوانترینین ئەوێ بە پێچەوانەوە بیرکردنەوەی بەرانبەر ئێمەی ژن هەبێت ئەوە کێشە لە ئەقڵیدا هەیە نەوەک شکڵی من و تۆ.

تا تواناتان هەبێت هەوڵ بدەن بۆ ژیانتان، چاونەترس، سەرکێش، ئازا، سەربەرز و پڕشکۆ بن، با هەمیشە رێزو بوێریتان لێ ببیندرێت لەبڕیاردانیش توانا و ئازایەتیەکەتان دەربخەن و هەوڵ بۆ ئازادیتان بنێن و چێژ لە ئازادیەکانتان ببینن بەبێ ناشرین کردنی خۆتان و دروستبوونی هیچ نەنگیەک.

هەرگیز ماندوو نەبن لە گەڕان بەدوای خۆشبەختی لە ناخەوە ئەو ژنە بەھێزەبن کە ھەرگیز ناڕوخێت و ناکەوێت و واز لە ئامانج و خەونەکانی ناھێنێت تا یەک بە یەکی ئامانجەکان و ئومیدەکانی بەدینەهێنێت، چونکە ئەوەندە میهرەبانن بە هەڵوەرینی گوڵ و گەلاکان دڵتان تەنگ دەبێت.

ئێوە راوکەری ئومێدن و مەبنە نێچیری بی ئومێد چونکە دڵی مرۆڤ بەھێزە، هەروەک چون چەندەھا جار شکام و ورد بووم، بەڵام هەر ژیام و هەڵستامەوە ئەمە سەربەرزیە کە بۆ چەند جارێک دەکەویت و هەڵدەستیتەوە و بەردەوام دەبیت لە ژیان کردن هیچ کات ژیان لەمە ئاسانتر نابێت بویە بەهێزبە. ئەگەر گەێشتیت بەهەموو ئەم قوناغانە ئەو کات تێدەگەێت رێگای سەرکەوتن لەبەردەمتە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق