لێزان ژیار سرێشمەیی-ناوەندی ھەواڵ نوێ ژین
هێمن ئەسكەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان راگەیاند: لە كاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی شەممە دەست بەكارەكانی كۆنگرە دەكرێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
وتیشی "چوار پرۆسەی هەڵبژاردن لە كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوو ئەنجام دەدرێت لەوانە، پرۆسەی هەڵبژاردنی كەسێك وەك ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كە تاكو ئێستا سێ كاندید هەن، ئەوانیش سەڵاحەدین محەمەد بەهادین و هیوا میرزا و ئەبو بەكر عەلی.
هێمن ئەسكەندەر لەبارەی پرۆسەكانی دیكهی هەڵبژاردنی ناو كۆنگرە، دەڵێت "پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتیمان هەیە كە 43 ئەندامی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت كە خولی پێشوو ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی 35 ئەندام بوو، ئەم خولە ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی زیاد دەكرێت بۆ 43 ئەندام كە 16 كەسیان هەڵبژێردراون پێشتر لە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان، ئەو 16 ناوە بەرپرسی مەڵبەندەكانی یەكگرتوون لە كۆنگرە تەنیا متمانەیان پێدەدرێت بەدەست بەرزكردنەوە، 27 ئەندامەكەی دیكهی سەركردایەتی بەهەڵبژاردن دەبێت كە زیاتر لە 80 كەس تاكو ئێستا فۆرمی پاڵێوراویان پڕكردووهتەوە بۆ بوون بەئەندامی سەركردایەتی".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكرد: پرۆسەی دەنگدانێكی دیكهمان هەیە، ئەویش هەڵبژاردنی پێنج ئەندامە بۆ دەستەی باڵای بەدواداچوون كە هەر چوار پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بە چاودێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم دەبێت كە مۆڵەتی عێراق و مۆڵەتی هەرێممان هەیە وەك حیزب، بۆیە بەپێی یاسا پێویستە نوێنەری ئەو دوو لایەنە ئامادەبن و چاودێربن بەسەر پرۆسەكەوه.
لەبارەی ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەش ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: 900 ئەندامی كۆنگرە بەشدار دەبن و لەناو ئەو 900دا ئەندامەدا 200 ئەندامی زیاتر لە ئافرەتان پێكهاتوون كە ڕێژەی 22%ی بەشداری ئەندامانی كۆنگرە دەكات، لەكۆی ئەو 43 ئەندامەی سەركردایەتیش 10 ئەندامی سەركردایەتی ئافرەت دەبن كە لەخولی پێشوو 9 ئەندامی سەركردایەتی ئافرەت بوون، ئەمجارە بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتیمان زیادكردووە 10 ئافرەت دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1994 دامەزراوەو تاكو ئێستا هەموو كۆنگرەكانی لەكاتی خۆیدا ئەنجامداوە، لە خولەكانی پەرلەمانی عێراق و هەرێم كورسی پەرلەمانی هەیە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق