بەرێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەرەکان لە راگەیاندنێک دا ئاماری کار و چالاکی سالی 2019 بلاودەکاتەوە و سوپاسی ھاونیشتیمانیان دەکات. - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الخميس، 26 ديسمبر 2019

بەرێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەرەکان لە راگەیاندنێک دا ئاماری کار و چالاکی سالی 2019 بلاودەکاتەوە و سوپاسی ھاونیشتیمانیان دەکات.



لێزان ژیار سرێشمەیی-ناوەندی ھەوالی نوێ ژین


بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماری کارو چالاکییەکانی ساڵی 2019 بڵاو دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات لە ماوەی ساڵێکدا توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە 200 کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەردا بگرن و زیاتر لە هەزار و 700 کەسیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن. 

لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکاندا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە، "لە هەرێمی کوردستان هیچ سەرچاوەیەکی وەبەرهێنانی ماددە هۆشبەرەکان نییە و ئەو ماددانەی دەستی بەسەردادەگیرێت، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سنوورێکی فراوانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. کە زۆرینەی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی سنووری نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بەرفراوان دێنە نێو هەرێمی کوردستان و بە شێکی دیکەی لەڕێگەی شارەکانی ناوەڕاست و خواری و عێراقەوە دەهێنرێتە نێو هەرێمی کوردستان".

بەپێی راگەیێندراوەکە لە ساڵی 2019دا هەزار و 712 تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەستبەسەر 203 کیلۆ و 16 گرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە 530 کەس لەوانەی دەستگیرکراون سزا دراون و هەزار و 182 کەسیش پەڕاوەکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تاوەکو ئێستا کێشەکانیان لە دادگا یەکلانەبووەتەوە.

سەبارەت بە جۆر و بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان بەمشێوەیە پۆلێنی کردوون:

- 115.060 کیلۆگرام هێرۆین.

- 55.508 کیلۆگرام کریستاڵ.

- 17 کیلۆگرام کتامین.

- 8.597 کیلۆگرام تلیاک.

- 4.575 کیلۆگرام حەشیش.

- 1.276 کیلۆگرام ماریجوانا.

- کیلۆیەک جامایکا.

هاوکات دەستبەسەر 9.215 شیت حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر و دوو ملیۆن و 450 هەزار دینار و 15 هەزار و 600 دۆلاری ساختە دا گیراوە. 

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سوپاسی هاونیشتمانییان و هەموو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەکات بۆ هاوکاریکردنیان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق