بارزان خالد_ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین
پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی پێداین بەمزووانە نەوتی سپی رەوانەی پارێزگای سلێمانی بكات بۆ ئەوەی دابەشی بكەین بەسەر هاووڵاتییاندا.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند: "سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ شاری سلێمانی و ئەنجامدانی كۆبوونەوە، دانیشتنەكانمان لەگەڵیدا سەرجەم ئەو داواكارییانەی كە پەیوەستن بە پرۆژە و كاروباری هاووڵاتییان و پێداویستییەكانی سنوور زیاتر لە ٢٠ خاڵدا ئاراستەی ناوبراومان كردووە و لەبەرامبەریشدا بەڵێنی جێبەجێكردنی زۆربەى داواكارییەكانی پێداوین".
ناوبراو وتیشی: "بەدەر لە داواكارییەكانمان كە بە نووسراو ئاراستەی "مستەفا كازمی"ـمان كردووە، ئەوەشمان بۆ روونكردووهتەوە كە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری ناوچەیەكی شاخاوی ساردە و زۆرترین بەفر و باران لەم سنوورە دەبارێت لە وەرزی زستاندا، بۆیە سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەڵێنیداوە بەمزووانە نەوتی سپی رەوانەی پارێزگای سلێمانی بكات بۆ ئەوەی دابەشی بكەین بەسەر هاووڵاتییاندا".
ساڵانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشکردووە، بەلام ماوەیەکە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیاندا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە دواکەوتووە و بەرپرسانی ھەرێم ڕادەگەیێنن چاوەروانی حکومەتی عێراقن بۆ ئەوەی بتوانن نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستاندا دابەش بکەن.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق