کوڤان نوزاد ـ ناوەندی هەواڵ ـ نوێ ژین
درەنگانی شەوی ڕابردوو ۳۱ـی تشرینی ۲۰۲۰ لە هەولێر شەڕ لەنێوان سێ گەنج روودەدات، بەهۆیەوە گەنجێک کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون.
ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی نێچیرڤان عەبدولڕەحیمە و تەمەنی ۲۷ ساڵە و باوکی فەرماندەیەکی دیاری سەربازییە لە میحوەری خازر.
بەپێی زانیارییەکان "ئەو کەسەی نێچیرڤانی کوشتوە قەرزداری نێچیرڤان بووە."
کوردۆ هەرکی ئاموزای کوژراوەکە لەبارەی ڕووداوەکەوە رایگەیاند ،کە ڕووداوەکە لە دوای کاتژمێر ۱۱ـی شەوی رابردوو ڕوویداوە "نێچیرڤان تەلەفۆنی بۆ تۆمەتبارەکە کردووە و گوتویەتی قەرزەکەم بدەوە و پێویستمان پێیەتی، ئەویش گوتویەتی باشە، چونکە ئەو کوڕە قەرزداری ئامۆزاکەم بووە."
دواتر ئەو کەسەی نێچیرڤانی کوشتووە رۆیشتووە پارەکەی پێبدات، لەو کاتەدا هاوڕێیەکی کە لەگەڵ نێچیرڤان بووە چووە پارەکە وەربگرێت، بەڵام دواتر بە چەقۆ برادەرەکەی بریندار دەکات، پاشان نێچیرڤان دەچێت بۆ ئەوەی شەڕەکە هێوربکاتەوە، بەڵام ئەو تۆمەتبارە چەقۆیەک لە قۆڵی نێچیرڤان دەدات و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەستدەدات."
نێچیرڤان عەبدولڕەحیم دانیشتووی شارۆچکەی تۆپزاوایە لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە ۱ـی کانوونی یەکەمی۲۰۲۰ لە شێخ بازی ناحیەی کەڵەک بەخاک سپێردرا.
سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی هەولێر دەڵێت" تۆمەتباری سەرەکی بریندارە و دەستگیرکراوە، دوای چارەسەروەرگرتن پەڕاوی لێکۆلینەوەی بۆ دەکرێتەوە بۆ وەرگرتنی سزایی یاسای."
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق