دایکی دوو منداڵی ساوا لەلایەن براکانیەوە سەر دەبڕدرێت - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 1 ديسمبر 2020

دایکی دوو منداڵی ساوا لەلایەن براکانیەوە سەر دەبڕدرێت



بارزان خالد_ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین


ئافرەتێکی کوردی تەمەن ٣١ ساڵ لە گوندی سوورازە كە چەند كیلۆمەترێك لە شاری سنەوە دوورە، لەلایەن براکانیەوە سەری بڕدرا و پارچەپارچە كرا.


رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگەیاند: "ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، ئافره‌تێكی لاو بە ناوی "سەرگوڵ حەبیبی" تەمەن ٣١ ساڵ لە گوندی سوورازە کە لە چەند کیلۆمەتری شاری سنە هەڵکەوتووە، بە پاساوی نامووسەوە بە شێوەیەکی بێبەزەیییانە سەری بڕدرا و پارچەپارچە کرا".


ئاماژە بەوەشکراوە: "سەرگوڵ حەبیبی، بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی توارمەڵای سەر بە شارۆچکەی کەلاتەرزان، دانیشتووی گەڕەکی "کەمەربەندیی ٢٥"ـی شاری سنەیە و دایکی دوو منداڵی ساوا بووە".


رێكخراوی هه‌نگاو ئەوەشی خستەڕوو: "تەرمی سەرگوڵ حەبیبی، ڕۆژی دووشەممە، لە گۆڕستان محەمەدیی شاری سنە لە بێدەنگی تەواوی ڕاگەیاندنەکان و بە بێ بە ڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بە خاک سپێردرا". 


لەبارەی ھۆکاری ڕووداوەکەوە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند: "ئەم ئافرەتە ماوەیەک لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ لاوێک لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی گەڕەکەکەوە دەستگیر کرابوو، بەڵام هەردووکیان پاش ڕۆژێک ئازاد کرابوون".


بەپێی دواین ئامارەکانی ڕێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مڕۆڤ کە بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە تا ئێستا، لایەنی کەم چوار ئافره‌ت بە بیانووی نامووسەوە لەڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە دەستی بنەماڵە و کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق