ڕاگەیەنراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 2 مارس 2021

ڕاگەیەنراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر




ناوەندی هەواڵ ــ نوێ ژین


ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە ۲ ـی ئازاری۲۰۲۱، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و وێڕای پابەند بوون بە بەیانی ژمارە (۸)ی ساڵی ۲۰۲۱ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-

                                                                       

۱- هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان‌)، دامەزراو و فەرمانگە حکومی و ئەهلیەکان، ناوەندەکانی خوێندن و شوێنە گشتییەکان، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک) و دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌هه‌رشوێنێك پابەند نەبێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.   

                              

۲-یاد‌ و بۆنە نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییەکانی ئادار به‌رز و پیرۆز راده‌گیرین به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جەماوەری بەم بۆنانەوە ئه‌نجام بدرێت و هەموو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوە و کۆنفرانس و بۆنەیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی قەدەغەیە.

                                          

۳-کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانیان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنچەرە ودرەگاکان کراوە بن بۆئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت و ڕەچاووی دووری مەودای نێوان مێزەکان بکرێت.     

                                                      

٤- ئەم شوێنانە لەکاتژمێر (۱۲)ی شەو تاوه‌كو (٦)ی به‌یانی دادەخرێن:

(یانەکانی شه‌وانه‌، كافتریا، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (باڕ)، بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە پێدراو نین خزمەتگوزاری نێرگەلە کێشان پێشکەشبکەن) 


٥-پرسەدانان لە(کۆڵان-هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت-باخچە) و مەراسیمی سەرقەبران بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.    

                                          

٦- هۆڵه‌كانی سینەما لەگشت مۆڵ و بازاڕەکان بەتەواوی دادەخرێن. 

      

۷- بووک گواستنەوە و ئاهەنگەکانی تری نیشان و لەدایک بوون لەهۆڵەکان لەقەرەباڵغی سنووردار دەکرێت بەمشێوەیەی لای خوارەوە:-      

- هۆڵ ڕووبەری (٥۰۰)م۲، نابێت لە (٦۰) کەس زیاتری تێیدا ئامادەبێت.      

- هۆڵ ڕووبەری (۱۰۰۰)م۲، نابێت لە (۱۲۰) کەس زیاتری تێدا ئامادەبێت.   

هەر خاوەن هۆڵ و سەرپەرشتیارێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، هۆڵەکەی دادەخرێت.  

                                                                         

۸ بازگەکانی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ پارێزگاکانی تری عێراق دادەخرێت لەڕۆژانی (پێنج شەمە، هەینی، شەمە) لە  تاوەکو ۷/ ۳/ ۲۰۲۱، جگە لە هاتووچۆی شاندە فەرمیەکانی حکومی و دیبلۆماسی و هاوپەیمانان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان.   

                         

۹ هاتووچۆ و چالاکی لە کەمپەکانی پارێزگای هەولێر سنووردار دەکرێن، تەنها ڕێگە بەو ڕێکخراو و لایەنانە دەدرێت کە هاوکاری و پێداویستی ڕۆژانە دابین دەکەن ئەویش بەنووسراوی پارێزگای هەولێر/ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ڕێگەیان پێدەدرێت بەپابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.   

                         

۱۰ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە نوێژخوێنان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان و بردنی منداڵان بۆ ناو مزگەوت قەدەغە بکەن.   

                                                                  

۱۱-داوا لەسەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەس و کارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چوونی ڕۆڵەکانییان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن. 

                                                                   

۱۲/ داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین،  لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان لەم قۆناغەدا بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بن و (دەمامک)ببەستن.  

                                                                                                 ۱۳- هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.   

                                                                       

۱٤- سەرجەم فەرمانبەرانی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەبێت پابەندی تەواوی ڕێنماییەکان بن و ئەو بڕیارانە گشت قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.


ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر۱۲ ی ئەمشەو (۲ ) لەسەر۳ی۲۰۲۱، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

                                                          

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

۲ـی ئازاری ۲۰۲۱

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق