وردەکاری دەستگیرکردنی تاوانباری خێزانە کوردەکە بڵاو دەکرێتەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأربعاء، 16 سبتمبر 2020

وردەکاری دەستگیرکردنی تاوانباری خێزانە کوردەکە بڵاو دەکرێتەوە


ئەمیر عبدالواحید - ناوەندی هەواڵ - نوێ ژین

لە ڕاگەیەندراوێک دا دژەتیرۆری کوردستان  ڕایگەیاند، ئەو تاوانبارەی خێزانه‌ كورده‌كه‌ی له‌ شاری به‌غدا كۆمه‌ڵكوژ كرد، له‌ میوانخانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر لەلایەن دژەتیرۆر دەستگیر کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکە دا هاتووە: "دواى ئه‌وه‌ى زانياريمان ده‌ستكه‌وت كه‌ ئه‌و بكوژه‌ى شەوی ۱٤ــی ۹ـی ۲۰۲۰ لەنێو باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا خێزانێكى کوردى به‌شێوه‌يه‌كى زۆر دڕندانه‌ كوشتووه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ له‌ دایک و باوک و کچێکیان پێكهاتبوو و ناوبراو خۆى له‌ هه‌ولێر حه‌شارداوه‌، دواى به‌شوێنداچوون و چاودێرى توانيمان شوێنى ناوبراو بدۆزينه‌وه‌ و له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئاسايشى هه‌ولێر ده‌ستگير بكرێت و دواى لێكۆڵينه‌وه‌ ناوبراو دانى به‌ تاوانه‌كه‌ى نا كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قى دانپێدانانه‌كه‌يه‌تى:

ناوم (مەهدی حوسێن ناسر مەتەر)، لە دایکبووی ساڵی ،۱۹۸٤ دانیشتووی بەغدا ناوچەی حەبیبيه‌، دەوامم لە وەزارەتی ناوخۆیە - پاسەوانیی باڵیۆزخانەکان، بە دیاریکراویش باڵیۆزخانەی رووسیا. 

تاوانبارەکە ئاماژەی بەوەش دا :" پيش ٤ ساڵ کەسێکم ناسی بە ناوی باوکی شیلان، پيش دوو رۆژ لەمەوبەر پێوستم بە بڕێک پارە هەبوو، چونکە قەرزاربووم، چوومە لای لە شوقەی خۆی و بەیەکەوە دانیشتین، داوای ئەو گوژمە پارەیەم لێ کرد، بەڵام ئامادە نەبوو و گوتی: نیمە. 

دەمەقاڵێمان بوو، چەقۆیەک لە نزیکم بوو، بە چەقۆ لێم دا و کەوتە سەر زەوی، ویستم ئاسەواری تاوانەکە بشارمەوە لەو کاتە هاوسه‌ره‌كه‌شى هاتەوه‌، من شۆک بووم و شڵەژام و ئەویش دەستی بە هاوار و قیژە کرد و ئەویشم دایە بەر چەقۆ و کەوتە سەر زەوی، تەرمەکانیانم لە ژوورەکە بردە حەمام و بۆری ئاوەکەم کردەوە لەو کاتەدا شیلان هاتە ژوورەوە. کاتێ شیلان هات و بارودۆخەکەی بینی شڵەژا، ویستم هێوری بکەمەوە، هێور نەبوویەوە بە تەپڵەکە جگەرەیەک کێشای بە سەرمدا، منیش دوو بۆکسم لێ دا و کەوتە سەر زەوی، سەرینێک لەوێ بوو لەسەر دەمیم دانا و کوشتم. 

لە دان پێدانانەکە تاوانبار وتی: "هەوڵمدا ئاسەواری تاوانەکە بشارمەوە، بەڵام نەمدەزانی چی بکەم و بۆ کوێ بڕۆم، شوێنەکەم خاوێن کردەوە و بۆ پارە گەڕام، گوژمە پارەیەکم دۆزییەوە، بەڵام نازانم چەند بوو، نزیکی ۱۰ هەزار دۆلارێک یان زیاتر دەبوو، هەندێ پارەی عێراقیشی تێدا بوو. پارە و مۆبایلەکانم برد، چەقۆکەشم لەگەڵ خۆم برد و لەناو کیسه‌يه‌کم دانا و دەرچووم. بۆ کوێ بچم.. بۆ کوێ بچم، چوومە ناوچەی قەنات و چه‌قۆ و مۆبايله‌كانم لەوێ فڕێدا.گوتم با بچم بۆ هەولێر.

تاوانبارەکه وتیشی: "ئۆتۆمبێلێکی تایبەتم گرت و هاتمە هەولێر. لە یەکێک لە هۆتێلەکان دابەزیم، ویستم لە هەولێرەوە سەفەر بکەم بۆ دەرەوەی وڵات، رۆژی دواتر ویستم ڤیزایەک بۆ تورکیا یان بۆ شوێنیکی تر پەیدا بکەم، بەڵام دەستم نەکەوت و گەڕامەوە هۆتێل و لەوێ دەستگیر کرام.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق