گەشتی عەمرە دەست پێدەکاتەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الخميس، 17 سبتمبر 2020

گەشتی عەمرە دەست پێدەکاتەوە


بارزان خالد_ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین

حکومەتی سعودیە ئامادەکاری دەسپێکردنەوەی گەشتی عەمرە دەکات، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵای داناوە بۆ ئەوەی لەداھاتوودا گەشتی عمرە دەست پێبکاتەوە.

ڕۆژنامەیەکی سعودی بڵاویکردەوە، ئەو لیژنەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێکارەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتی عەمرە دروستکراوە، پێکهاتووە لە چوار لایەنی حکومی کە ئەوانیش نوێنەرانی وەزارەتی حەج و عەمرە، تەندروستی و سەرۆکایەتی گشتی بۆ کاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ.

بەپێی زانیاریەکان، لەسەرەتادا گەشتی عەمرە بۆ موسڵمانانی ناوخۆی وڵاتەکە ئاسایی دەکرێتەوە و ئەگەر رێکارەکان بەباشی بەڕێوەچوون بۆ موسڵمانانی وڵاتانی دیکەش ئاسایی دەکرێتەوە، دەبێت ژمارەی ئەوانەی عەمرە دەکەن دیاریکراوبێت و مانەوەیان لە شوێنەکان و ئەرکە ئاینییەکانیان دەبێت بە رێکاری خۆپارێزی بێت.

ھەروەھا، یەکێکی دیکە لە رێکارەکان ئەوەیە دەبێت سەرجەم عەمرەکاران پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن، هەمان ئەو رێکارە خۆپارێزیانە جێبەجێ بکەن کە لەرێورەسمی حەجی ئەمساڵ گیرانەبەر.

بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ وڵاتانی جیھان، لەسەرەتایی مانگی ئازاری ئەم ساڵەوە حکومەتی سعودیە گەشتی ھاووڵاتیانی بیانی بۆ وڵاتەکەیان ڕاگرت و ڕێگری لەھەموو جۆرە رێورەسمی ئاینیان گرت لەناوخۆی وڵاتەکەیان ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق