پێشبینی دەکرێت چەند دیاردەیەکی گەردوونی ڕووبدات - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الثلاثاء، 15 سبتمبر 2020

پێشبینی دەکرێت چەند دیاردەیەکی گەردوونی ڕووبدات


گەیلان جاسم ـ ناوەندی هەواڵ ـ نوێ ژین

بەپێی لێكۆڵینەوە هەرە نوێیەكانی پسپۆڕانی كەش و ئاو و هەوای جیهانی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دیاردەی "لانینا" هەیە و بە رێژەی ٪‏٦۰ لە ماوەی نێوان مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵ درێژە دەكێشێ.

دیاردەی لانینا، بریتییە لە ساردبوونەوەی ڕووبەرێكی زۆر فراوانی زەریای هێمن لە ناوچە كەمەرەییەكانەوه، دوای ئەوەی تەوژمی ژێر دەریایی بارستەی ئاوی سارد، لە ناوچەكانی زەریای بەستووی باشوورەوە بەرز دەكاتەوە، لە بەرامبەدا تەوژمی بای بازرگانی دەست دەكات بە ڕاكێشانی تەوژمەكانی نێو قوڵایی ئاوی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن بۆ ناوچەكانی سەرەوە، کە دەبێتە هۆی گۆڕان لە دینامیكییەی كاركردنی بەرگە هەوای زەوی و پاشان دەبێتە هۆی نانەوەی گۆڕانكاریی لاواز تا بەهێز لە كەش و ئاوو هەوای جیهاندا، وەك بارانبارینی زۆر بەخوڕ و سەرهەڵدانی لافاو لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە دەبێتە هۆی نانەوەی وشكەساڵی و كەمبارانی لە وڵات و ناوچەی دیكەدا.

لەمبارەوە پیتیری تالاسی، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی كەشناسی جیهانیی ڕایگەیاند: "سەرەڕای سەرهەڵدانی دیاردەی لانینا، كاریگەرییە ساردەكەی بەس نییە بۆ هاوسەنگ كردنی دەرەنجامە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەش و هەوای جیهانیی كە لە سەر دەستی ئادەمیزادەوە هاتوونەتە ئاراوە".

لەدرێژەی وتەکانی، ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی كەشناسیی جیهانیی وتیشی: "هۆكاری زۆربەی هەرە زۆری ئەوانە بەهۆی گازە گەرمكارەكان و سەرهەڵدانی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمییەوەیە نەوەك بەهۆی كاریگەریی كەش و ئاوو هەوایی سروشتییەوە".

ناوبراو ئاماژەشی بەوەداوە: "ساڵی ۲۰۲۰ بە ئاڕاستەیەكی وا دەڕوات كە ببێتە یەكێ لە گەرمترین ساڵەكان و چەندین دیاردەی نامۆی تیایدا ڕوویداوە، لە بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری پلەكانی گەرماو سووتانی دارستانەكان، تا لافاوی وێرانكار و شەپۆڵی گەرمبوونی دەریایی".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق