شوان امین_ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،لە ساڵی داهاتووەوە هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ده بێت به خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی.وە گرێبەستێک ئیمزا دەکەین لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی، لە بواری هاتووچۆ بۆ دەرهێنانی ساڵیانە و مۆڵەتی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریی و خزمەتگوزاریی تۆمارکردن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ۲٥ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۰،مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە:"وەک لە وتاری دەستبەکاربوونم لە پەرلەمانی کوردستان و چەند بۆنەیەکی دیکەدا باسم کردووە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ بەمۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی تەکنەلۆجیمان و سەرەنجام وردە وردە هەنگاونان بەرەو ئەوەی واز لە مامەڵەی کاخەزی بهێنین".
ناوبراو ووتیشی:"زەحمەتە هاووڵاتییانمان دەیان کاتژمێری کاتی خۆیان لە نۆرە وەستان و چاوەڕوانیی كردن بۆ ئەنجامدان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و کاروباریان بەسەر ببەن، لە کاتێکدا دەکرێ بە ماوەیەکی کەم و بە خێرایی و بە شێوەی ئۆنلاین، مامەڵەی هاووڵاتییان تەواو بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد:" کۆتایی هێنان بە پشت بەستنمان بە کاری کاغەزی و دابینکردنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی کارێکی ئارەزوومەندانە نییە ، بەڵکو ئەوە پێویستییەکە. ئێمە هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لە بەردەم نییە، یان دەبێ لە گەڵ تەکنەلۆجیا پێشبکەوین و بەرەو پێشەوە بچین ، یان لە ڕابردوودا بمێنینەوە و گیر بخووین".
جەختی لەوەشکردەوە:"بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نەک هەر تەنیا کارایی و شەفافییەت لە کاروباری حکومەتدا زیاد دەکات، بەڵکو یارمەتیشمان دەدات بۆ بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی كە هاوشانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا بێت، کە لەم ڕێگەیەوە هاووڵاتییانی کوردستان و سەردانکەرانی دامودەزگاکان و خاوەنکاران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ، دڵنیا دەبنەوە کە دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی دەستییان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بگات".
بۆیە خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە گرێبەستێک ئیمزا دەکەین لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی ، لە بواری هاتووچۆ بۆ دەرهێنانی ساڵیانە و مۆڵەتی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریی و خزمەتگوزاریی تۆمارکردن،ئەم گرێبەستە لەساڵی پارەوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری تاوتووێ دەکرێت و بەهاوبەشییەوە و لە نزیکەوە کاری لەسەر دەکەن . لێرەدا دەمەوێت ستایشی وەزیری ناوخۆ کاک ڕێبەر ئەحمەد و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کاک هیوا ئەفەندی و تیمەکەی گرووپی میولباوەر و سەرجەم ستافەکانیان بکەم بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە . ئاگادارم کە پسپۆڕانی بواری دارایی کە راوێژی بازرگانی پێشکەشی حکومەتەکەمان دەکەن ، ئەوانیش ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، بۆیە سوپاسیان دەکەم. هەوڵی ئەم تیمە لەگەڵ گرووپی میولباوەر ئێستا مەودای پڕۆژەکەی فراوانتر کردووە بە شێوەیەک کە لە ئاست خواست و ڕوانینی ئەم کابینەیە و پێداویستی خەڵکی کوردستان بێت".
.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بۆتان روون بکەمەوە کە کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە قازانجی کەرتی گشتیدا چین:
لە ساڵی داهاتووەوە هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ده بێت به خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی. ئەمەش یەکەمین سیستەمی زانیاری دانیشتووانمان بۆ دروست دەکات ، کە پێشمەرجێکە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی. یەکەم خزمەتگوزاریش کە پێشبینی دەکەین لە ۱۲ مانگی داهاتوودا بێتە ئاراوە، خزمەتگوزاری شۆفێریی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەبێت، کە زیاتر لە ۲ ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرن و هەموو شۆفێرێک کارتی زیرەکی دەبێت ، یەکەکانی پۆلیسی گەڕۆکیش، ئامێرێکیان دەبێت کە دەستبەجێ دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێل و شوفێرانە بە خێرایی کۆنترۆڵ بکەن".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ووتیشی:"ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستە، بەشێکی گرنگە لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم لە پێناو چاکسازی و مۆدیرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق