سەیران سەردار_ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین
سەرۆکوەزیرانی عێراق، شەش باڵیۆز خانەنشین دەکات کە ئەو بالیۆزانە تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینی، باڵیۆزی کوردیشیان تێدایە.
بەپێی نووسراوێک، پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر خانەنشینکردنی شەش باڵیۆز دەربڕیوە.
ئەو بڕیارەش بەپێی یاسای ژمارە ٢٦ـی ساڵی ٢٠١٩، "هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووە" کە ئەو باڵیۆزانە تەمەنیان گەیشتووەتە خانەنشینی.
باڵیۆزەکان بریتین لە: "حەسەن هانی جەنابی، بورهان نامیق سالم جاف، راجح سابر عەبود مووسەوی" کە لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، خانەنشین دەبن.
هەروەها هەریەکە لە خەلیل ئیسماعیل عەبدولساحب لە ٣ـی ئاداری ٢٠٢١، سادق حەمید ئیبراهیم لە ٨ـی تەمووزی ٢٠٢١ و سوندوس عومەر عەلی لە ١٤ـی تەمووزی ٢٠٢١دا خانەنشین دەبن.
هاوکات هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەپێی یاسای خزمەتی دەرەوەی ژمارە ٤٥ـی ساڵی ٢٠٠٨، خزمەتی ئەو باڵیۆزانەش بەم شێوەیە درێژ دەکرێتەوە: ئەرشەد عومەر ئیسماعیل بۆ ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، محەممەد حەکیم عەبد عەلی بۆ ٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ و فەرید مستەفا کامیل بۆ ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٢.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق