سروە خۆشناو_ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بگاتە عێراق و بەشی ھەرێمیش دەنێرین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ۳۱ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۱، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بگاتە دەست حکومەتی عێراق، هەروەها لە یەکەم کارواندا بڕی یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزا ژەمە ڤاکسینی دژە کۆرۆنای فایزەر دەگاتە عێراق و ڤاکسینی کۆمپانیاکانی دیکەش دەگەن".
باسی لەوەشکرد: "کۆی ئەو ڤاکسینەی بەکاروانی یەکەمەوە دەگاتە عێراق هەشت ملیۆن ڤاکسینە، ٢٠٪ گەلی عێراق وەریدەگرن و لەرێگەی ئەو بنکانەوە دەبن کە پێشتر وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی کردوون، بەگوێرەی پێشهاتی نوێ یان تەمەن شێوازی دابەشکردنەکە دەگۆڕدرێت".
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەشدا: "پشکی هەرێم لەناو ئەو بڕەی دەگاتە عێراق دابینکراوە وەک هەر ڤاکسینێکی دیکە، لە ناوەندی دابەشکردنی دەرمانی سەربە وەزارەتی تەندروستیەوە بۆی دەنێردرێت".
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی کەلە بنەڕەتدا خەڵکی باشووری عێراقن، ئێستاش لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن ئاشکرای کرد: "دابەشکردنەکە بە گوێرەی چڕی دانیشتوانی ناوچەکان دەبێت، فەرمانگە تەندروستیەکان ژمارەی دانیشتوانان دیاریدەکەن، ئەو کەسانەش دەستنیشان دەکەن کە یەکەمجار وەریدەگرن و دواتر وەزارەت داوای رێژەی پێویستدەکات".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق