مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر گەشتیارانی بەغدا دەکات - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

السبت، 2 يناير 2021

مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر گەشتیارانی بەغدا دەکات


 


سۆزیارکەریم-ناوەندی هه واڵ-نوێ ژین

 


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر گەشتیارانی بەغدا دەکات و دەشڵێت:" ئەو دەستدرێژییانە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان".


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەسەر هێرشکردنە سەر گەشتیارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەولێر، بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" لەم ڕۆژانەی دواییدا، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان". 


سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەشڵێت:" هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان، بۆیەبەردەوام سەدان هەزار گەشتییار، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە".


ئاماژە بەوەشدەکات:" ڕووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە ڕەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان. هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".


ئەو پەیامەی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدایە شەوی سەری ساڵ لە شاری چەند کەسێک هەولێر هێرشیان كردە سەر چەند ئۆتۆمبیلێكی گەشتیارانی شارەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، كە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتبوونە هەولێر.


دوێنی هەینی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە،١١ كەسیان بەتۆمەتی هێرشكردنە سەر گەشتیارانی بەغداو شارەكانی عێراق لە شەوی سەری ساڵدا دەستگیركردووە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق