ناوەندی هەواڵ _ نوێ ژین
بابەشێخ حوسەینی، سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت،بەم دواییە چەند تیمی ترۆریستی دیكە لە كۆتایی ساڵی 2020 و سەرەتای 2021 لە ناوخۆی ئێرانەوە نێردرابوون و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ڕاسپێردرابون بۆ ئەنجامدانی كردەوەی ترۆریستی و تەقاندنەوەی ئوتۆمبیل و شۆێنی حەوانەوەم،دەشڵێت" لە ماوەی ئەو سالانەدا دەیان دەستەو تاقمی ترۆریستی بەكرێگیراو ڕاسپێردراون بۆ ترۆر كردنم و تا ئێستاش بەردەوامن.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی بابەشێخ حوسەینی بەم شێوەیە:
هەوڵی ترۆریستی پێداگرترم دەكا لە خەبات بۆ ئازادی!
هەوڵە ترۆریستیەكان كار ناكاتە سەر بڕیارمان بۆ بەردەوام بوون لە سەر خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و تێكۆشان لە پێناو مافە زەوتكراوەكانی گەلی كوردو شۆِرش و مانەوە لە سەر ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات وشۆڕش لە بەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی.
بەم دواییە چەند تیمی ترۆریستی دیكە لە كۆتایی ساڵی 2020 و سەرەتای 2021 لە ناوخۆی ئێرانەوە نێردرابوون و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ڕاسپێردرابون بۆ ئەنجامدانی كردەوەی ترۆریستی و تەقاندنەوەی ئوتۆمبیل و شۆێنی حەوانەوەم كە بە خۆشیەوە ئاشكرا بوون و نەیانتوانی بە ئامانجەكەیان بگەن،هاوكات چەندین جاسوس و بەكرێگیراوی دیكە ڕاسپێردراون بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە سەر شۆێنی مانەوەو كاتی هاتوچووكردنم و ئەو شۆێنانەی سەردانیان دەكەم.
دیارە لە ماوەی ئەو سالانەدا دەیان دەستەو تاقمی ترۆریستی بەكرێگیراو ڕاسپێردراون بۆ ترۆر كردنم و هەر لە ساڵی 1983 زایینی 1362 كۆچی خۆری دەستی پێ كردوەو تا ئێستا، كە ساڵی 2021 درێژەی هەیەو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چەندین جار كەوتومە بەر هێرشی چەكداری ترۆریستی وئەو ئۆتۆمبیلانەی بەكارم هێناون تەقێندراوەنەتەوەو شۆێنی حەوانەوەم كەوتۆتە بە هێرشی چەكداری ترۆریستی و چەند جار بە سەختی بریندار بووم. بەتایبەت لە كردەوەی ترۆریستی كە ساڵی 1995 لە سلیمانی ڕویدا، ئەو كاتەی سوار ئۆتۆمبێل بووم، بۆمبێكی چەند كیلۆیی كە لە ماشینەكەمدا داندرابوو تەقێندرایەوەو زۆر بە سەختی بریندار بووم و بە ڕەحمی خوداو زەحمەتی پزیشكەكان لە مەرگی حەتمی ڕزگارم بوو.
دیارە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا بە خۆشیەوە چەند كەسی دیكە لەوانەی ڕژیم رایسپاردبوون بۆ ترۆرم، بە هەست كردن بە قێزەونی پیلانی ڕژیم و ناڕەوایی ئەو كردەوە، لە ئەنجامدانی پەشیمان بوونەوەو باسیان لە پیلانەكانی ئیتلاعات و هێزی قودس و ئیتلاعاتی سپای پاسداران كردوە كە لێردەدا دەست خۆشیان پێ دەڵێم.
بە نوسینی ئەم چەند دێڕە لە پێوەند بە هەوڵە ترۆریستیەكانی ڕژیمی ئاخوندی، بە پێویستم زانی سپاسی هەواڵانی دڵسۆز لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات و لە دڵسۆزانی دیكە لە دەرەوەی سازمانی خەبات بكەم كە هاوكاری و دڵسۆزیان نواندو ڕێگەیان لە جێ بەجێ كردنی پیلانە ترۆریستیەكانی ڕژیمی ئێران بۆ ترۆری من گرتوە. دیارە لە بەر هۆی ئەمنیەتی و لە بەر بڵاو نەبونەوەی زانیاری، ناوی ئەو خۆفرۆشانەی هەوڵی ترۆریان داوم نانوسم.
هەروەها ناوی ئەو لایەنە دۆستانەی هاوكاریان كردوین نانوسم و هەڵیدەگرم بۆ كاتێكی دیكە.جارێكی دیكە سپاسیان دەكەم و هومێدوارم لە خزمەت بە گەل و نیشتمان بەردەوام بن.مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی سەركەوی خەباتی مافخوازانە گەلی كورد و گەلانی ئێران.
بابەشێخ حوسەینی
24 ی ئاوریلی 2021
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق