ھۆزان احمد -ناوەندی ھەواڵ-نوێ ژین
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە لە ٣% بۆ لە ١٤٪ـی ئەو کەسانەی پێشتر لە چین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەوەیان راگەیێندراوە، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن.
شارەزایانی پزیشکی ترسی ئەوەیان هەیە کە چین رووبەڕووی دووەم شەپۆلی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی کەیسەکانی تووشبوون و "هەڵگرە بێدەنگەکانی" ڤایرۆسەکە کە لە دەرەوەی چینەوە دەگەڕێنەوە ئەو وڵاتە.
پاش دوو مانگ لە قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگای هوبێ-ی چین، ئێستا ملیۆنان دانیشتووی ئەو پارێزگایە بۆ هاتووچۆکردن دەتوانن پارێزگاکە جێبهێڵن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پارێزگاکە پێشتر بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دادەنرا.
تاوەکو چوارشەممە ٢٥ی ئادار چین چاکبوونەوەی زیاتر لە ٩٠٪ـی تووشبووانی کۆرۆنای راگەیاندووە، شارەزایانی پزیشکیش دەڵێن، لە نزیکەوە چاودێریکردنی ئەو کەسانەی کە بەتەواوی چاکبوونەتەوە سەختە.
وانگ ووی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تۆنگجی بە کەناڵی فەرمیی چینی راگەیاندووە، پاش پشکنینی ١٤٧ تووشبووی کۆرۆنا کە پێشتر چاکبوونەوەیان راگەیێندراوە، بۆیان دەرکەوتووە پێنج کەسیان هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون.
هاوکات سۆنگ تای، جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگری لە نەخۆشی رایگەیاندووە، لە ١٤٪ـی ئەو کەسانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، تووشی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پزیشکانی ووهان، ئەو نەخۆشانەی کە دیسانەوە تووشی کۆرۆنا بوونەتەوە، هیچ ئاماژە و بەڵگەیەک نەبووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بووبن و دوای پشکنینی ئەندامانی خێزانەکانیشیان، دەرکەوتووە کە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون، ئەوانەشی کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵیان هەبووە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تۆنگجی دەڵێ، قەبارەی سامپڵەکانیان بچووک بووە و پلانیان هەیە بەمزووانە لێکۆڵینەوەیەکی فراوانتر لە کۆمەڵگەکانی ووهان بکەن.
هەندێک لە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین زیاترە لەوەی کە باسدەکرێت و خراوەتەڕوو.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، ئێستا لە چین سێ هەزار و ٩٤٧ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن، ئەمەش دوای چاکبوونەوەی ٧٤ هەزار و ٥١ کەس لە کۆی ٨١ هەزار و ٢٨٥ کەس و مردنی سێ هەزار و ٢٨٧ کەس.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق