قەدەغەی هاتوچۆ شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الجمعة، 27 مارس 2020

قەدەغەی هاتوچۆ شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە


ئاکار کاروان - ناوەندی هەواڵ - نوێ ژین

لە ئەمڕۆوە ۲۷ـی ئاداری ۲۰۲۰،هەتا ڕۆژی ۸ـی نیسانی ۲۰۲۰ بە بڕیاری پارێزگاری سنە،هاتوچۆ لە نێوان شارە و پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغەدەکرێت و هەر کەسێکیش پابەندی بڕیارەکە نەبێت سزا دەدرێت.

لە پارێزگای سنە لە ئەمڕۆوە هەموو ڕێگاکانی هاتن بەرەو پارێزگاکە بە ڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ڕێگای پێنادرێت سەردانی پارێزگاکە بکات.

هاوکات شاری مەریوانی پارێزگای سنە،لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و بڵندگۆوە،دانیشتوانی شارەکە ئاگادار کرانەوە کە لە ئەمڕۆوە شارەکە کەرەنتین دەکرێت و کەس بۆی نییە لە ماڵ بێتە دەرەوە.

پارێزگای کرماشانیش قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە و بۆیە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی یەك هەفتە هەموو کۆڕ و کۆبونەوەیەکی ڕەسمی و ناڕەسمی قەدەغەیە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانیش سنوردار دەکرێت.

هەر بە پێی بڕیارەکە لە پارێزگای کرماشان،تەنها ڕێگا بەوکەسانە دەدرێت بچنە نێو پارێزگاکە،کە خەڵکی ئەو پارێزگایەبن.

پارێزگای ئیلامیش بێبەش نەبووە لە قەدەغەی هاتوچۆ و بۆیە بە بڕیاێکی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاکە،هەر ئۆتۆمبێلێك لە دەرەوەی پارێزگاکه بچێتە نێو شارەکانی ئیلام و دانیشتووی پارێزگای ئیلام نەبێت،بڕی ٥۰۰ هەزار تمەن غەرامە دەکرێت و ئۆتۆمبێلەکەشی بۆ ماوەی مانگێك دەستی بەسەردا دەگیرێت.

ئەمەش له کاتێکدایە کە نزیکەی ۸۰٪ ـی دانیشتوانی ئێران داوایان کردووە کە ڕێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەر بە پێی ئامارەکان تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر ۲۹ هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ۲ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق