چین: هەر توشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی ئاشکرا بکات هەزار دۆلاری پێدەدرێت - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

السبت، 29 فبراير 2020

چین: هەر توشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی ئاشکرا بکات هەزار دۆلاری پێدەدرێت

بارزان خالد - ناوەندی ھەواڵ - نوێ ژین

بەرپرسانی شارێک لە چین لەپێناو کەمبوونەوەی ڕێژی مردن و توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاداشی ماددی ئەو کەسە توشبووانە دەکات کە خۆیان ئاشکرا دەکەن‪.‬

بەگوێرەی ماڵپەری ڕوسیا تودەی، دەستەی چاودێری و خۆپارێزی نەخۆشییەکان لە شاری‪  Qianjiang ‬لە هەرێمی هوبی لە ناوەڕاستی چین، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ڕۆژی پێنج شەممەی رابردوو بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژەیان بەوەکردووە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە، هۆشدارییان بە دانیشتووانی شارەکە داوە ئەو کەسانەی توشی کۆرۆنا بوون بەرپرسانی لێ ئاگادار بکەنەوە‪.‬

بەگوێرەی پلانە نوێیەکەی ئەو دەستەیە بڕی هەزار و ٤٢٦ دۆلار دەدات بەو کەسەی توشی ڤایرۆسەکە بووە و خۆی ئاشکرا دەکات، بڕی ٢٨٥ دۆلار دەدات بەو کەسانەی کە نیشانەکانی هاوشێوەی ڤایرۆسەکەیان تێدایە و خۆیان ئاشکرا دەکەن، بڕیارە ئەو پلانە لە ٢ـی مارسەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە‪.‬

ئاماژە بەوەشکراوە، شاری‪ Qianjiang ‬بە دووری ١٥٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە سەنتەری چارەسەرکردنی  ڤایرۆسەکە لە وهان، یەکێکیشە لەو شارانەی چین لە مانگی رابردووەوە دەرگاکانی شارەکەی بۆ هاتوچۆ داخستووە‪.‬

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ "کۆڤید١٩" لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩وە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ھەزار و ٨٠٥ کەس و توشبوونی ٨٢ ھەزار و ١٤٣ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە‪.‬

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق