شوان امین ـ ناوەندی هەواڵ ـ نوێ ژین
بەشێک لە بەرپرسانی ئەفغانستان رایدەگەیێنن، هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران بەزۆر، لێدان و ئەشکەنجەدان وایان لە ٥٥ کۆچبەر کردووە لە رووبار بپەڕنەوە، تاوەکو ئێستا تەرمی ۱٨ لەو کۆچبەرانەی دۆزیوەتەوە.
شایەنی باسە رووداوەکە هەفتەی رابردوو روویداوە، سەرۆکی ئەفغانستانیش دوێنێ هەینی بە فەرمانێک لیژنەیەکی ۱۰ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێناوە.
هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی حکومەتی ئەفغانستان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کردووە، بەڵام "ئەشرەف غەنی"، سەرۆکی ئەفغانستان فەرمانی بە تیمە ۱۰ کەسییەکە کردووە لێکۆڵینەوەی تەواو بکەن.
دوێنێ هەینی "عەبدول غەنی نووری"، حاکمی ناوچەی گولران لە هەرێمی هێرات رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا ۱٨ تەرمی ئەو کۆچبەرانە دۆزراوەتەوە".
باسی لەوەشکرد: "کۆچبەرەکان ٥٥ کەس بوون، ٦ کەسیان تاوەکو ئێستا دیارنین و ئەوانی دیکە رزگاریان بووە، جەستەی ئەو کەسانەی رزگاریان بووە، تەرمی مردووەکانیش شوێنی لێدان و ئەشکەنجەدانیان پێوەیە".
هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەفغانستان رایگەیاند، پاسەوانەکانی ئێران زۆریان لەو کۆچبەرانە کردووە لە رووبار بپەڕێنەوە، بەو هۆیەوە بەشێکیان خنکاون، بەرپرسانی ئێرانیش ئەو دەنگۆیە رەتدەکەنەوە و دەڵێن رووداوەکە لەنێو حوکمڕانی و خاکی ئەفغانستان روویداوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق