سۆزیارکەریم-ناوەندی هه واڵ-نوێ ژین
ئەو هاوڵاتیەی لە چین بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ پشتی کووڕ بووە، لە دوای ژمارەیەک نەشتەرگەری سەخت توانی جارێکی تر وەک مرۆڤێکی سروشتی بە پێوە بووەستێت.
لی هوا، تەمەن ٤٦ ساڵ کە خەڵکی هەرێمی هونانە لە چین، بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ سەری لەنێوان هەردوو رانیدا بووە، بەشێوەیەک بەسەختی توانیوێتی خواردن بخوات و ئاو بخواتەوە. هەروەها، هەرگیز نەیتوانیوە تێکەڵ بە خەڵک ببێت و ژیانێکی ئاسایی بباتەسەر.
لی هوا، ساڵی ١٩٩١ و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا توشی هەوکردنی پێکەوەلکانی بڕبڕەکانی پشت بووە کە ناسراوە بە (AS)و بەهۆیەوە رۆژ لەدوای رۆژ بڕبڕەی پشتی خواردەبووەوە.
تا چووە ئەو رادەیەی باڵای تەنیا ٩٠ سانتیمەتر بوو، لەم پێنج ساڵەی دوایشدا حاڵەتەکەی بەرەو خراپتر دەچوو.
لی هوا کە بە (پیاوە خواربووەکە یان کووڕبووەکە) ناسرابوو، ناچاربوو لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە تا تەمەنی ٤٦ ساڵی لەژێر سەرپەرشتی دایکیدا بێت و لە ماڵەوە بمێنێتەوە.
هەرچی خێزانەکەیشی بوو دەستیان کورت بوو و پارەی پێویستیان نەبوو کوڕەکەیان چارەسەر بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵی ٢٠١٨ پزیشکەکان رەتیانکردەوە نەشتەرگەریی بۆ لی هوا بکەن.
دواجار، رێککەوتێک وایکرد لە رێگەی ژمارەیەک نەخۆشەوە لە نەخۆشخانەیەک ناوی پرۆفیسۆر (تاو هوی) بەرگوێی خێزانەکەی بکەوێت کە یەکێکە لە لێهاتووترین پزیشکی بواری نەخۆشییەکانی بڕبڕەکانی پشت لە چین.
ناوبراو لەلایەن ئەو پزیشکەوە پشکنینی بۆ کرا پێی راگەیاندن، کە توشی شێواندنێکی سەخت بووەتەوە لە بڕبڕەی پشتی و فشارێکی گەورەش لەسەر دڵ و سییەکانی دروستبووە و ئەگەر نەشتەرگەریی بۆ نەکرێت ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
هەربۆیە لە ماوەی شەش مانگدا پزیشکەکە چوار نەشتەرگەری بۆ لی هوا کرد کە دووانیان لە کانونی یەکەمی ٢٠١٩دا بوو، دەرئەنجام بەهۆی نەشتەرگەرییەکانەوە لی هوا توانی لەدوای ٢٨ ساڵ جارێکی تر پشتی راست ببێتەوە و بە چاوەکانی ئاسمان ببینێتەوە.
لەدوای نەشتەرگەرییەکان پڕۆفیسۆر (تاو هوی) رایگەیاند رزگارکردنی لی هوا لەو حاڵەتەی، وەک سەرکەوتن بەسەر شاخی (ئێڤێرێست) دا وابووە و لی هوایش کە پڕۆفیسۆرەکە بە رزگارکەری ناودەبات دەڵێت، "لەدوای باوکی، دووەم پیاوە لەم جیهانەدا کە رێزی لێبگرێت و خۆشی بوێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق