بارزان خالد_ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕادەگەیەنێت، لەم ھەفتەیەدا ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق و بۆ دابەشکردنیشی پلانێکی گەورە پەیڕەو دەکەن، وەزیری تەندروستی ھەرێمیش وادەکەی دابەشکردنی ڤاکسین ئاشکرا کردووە.
ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگهیاند: "سەبارەت بە دابەشکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا پلانێکی گەورە پەیڕەودەکەین کە دواتر وردەکارەکییەکەی بۆ ھاووڵاتییان دەخەینەڕوو، کارمەندانی تەندروستییش لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی دژەکۆرۆنا راھێنانیان پێکراوە".
لەبارەی وادەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆڕۆنانەوە بۆ عێراق ناوبراو وتیشی: "چاوەڕوان دەکەین لە میانی ئەم ھەفتەیەدا ڤاکسینی ڤایزەری دژەکۆرۆنا بگاتە عێراق، ھاووڵاتییانیش دەتوانن لە نەخۆشخانەکاندا ئەو ڤاکسینە وەربگرن و بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان دابەشدەکرێت".
پێشتریش، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: "بەغدا دوو گرێبەستی بۆ دابینكردنی ڤاكسین كردووە، وەكو بەرنامەیەكی نیشتمانی بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق لەكاتی گەیشتنی ئەو ڤاكسینە مافی هەرێمی كوردستان پارێزراوە و دەست بەدابەشکردنی دەکەین".
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستا ٦٦٤ ھەزار و ٧٥٠ تووشبوو، ٦١٦ ھەزار و ٥٠٧ چاکبوونەوە و ١٣ ھەزار و ٢٤٥ حاڵەتی دیکەی گیان لەدەستدان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق