دیار حسێن - ناوەندی هەواڵ - نوێ ژین
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی لە کارەکەی خۆی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوام دەبێت و هیچ نیازێکی دەستلەکارکێشانەی نیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۷ـی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۹ سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهیچ جۆرێک باسی دەستلەکارکێشانەوەی نەکردوە، تەنانەت لەگەڵ کەسە هەرە نزیکەکانیشیدا.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، عادل عەبدولمەهدی رەوشی خۆپیشاندانەکانی عێراق "وەک ئەرکێک لێی دەڕوانێت کە پێویست دەکات داواکاریەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات و گۆڕانکاری لە وەزارەتەکاندا بکات.
عەبدولمەهدی جەختی لەسەر ئەوەشکردوەتەوە، "هیچ ویستێک یان بیرۆکەیەکی نیە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ئێستای وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسکردنی ئەو بابەتە شەرمەزاریە".
ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەغدای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشوری عێراق دەستیپێکردوەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٦۳ کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی رابردوو خۆپیشاندەران خۆپیشاندانیان گۆڕی بۆ مانگرتن، تا ئەوكاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت، کە بریتین لە دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و دادگاییکردنی بكوژانی خۆپیشاندەران.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق