عەلی باپیر لەسەر هەڵگرتنی حەسانەی پەرلەمانتارێک هاتە دەنگ  - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الخميس، 7 مايو 2020

عەلی باپیر لەسەر هەڵگرتنی حەسانەی پەرلەمانتارێک هاتە دەنگ 



ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین 

ئەمڕۆ ٧ی ئایاری٢٠٢٠ "عەلی باپیر" ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندام پەرلەمانی حیزبەکەی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

هاوکات ئەمە دەقی پەیامەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیە" لەلای هەمووان ئاشكرایە هەرێمی كوردستان‌ و عێڕاقیش بەبارودۆخێكی زۆر هەستیارو دژواردا ڕەت دەبن، كە پێویستیمان بە هەرچی زیاتر پاراستنی تەبایی‌و یەكڕیزیی هەیەو، گرێدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لەم هەل‌ و مەرجەدا كە خەڵك‌و جەماوەر چاوەڕێی چارەسەركرانی گرفت‌و كێشەكانی گوزەرانیان دەكەن، بەمەبەستی لابردنی پارێزبەندیی (حصانە) لەسەر چەند پەرلەمانتارێك شتێكی سەیرو نالۆژیكییە!"

هەروەها ناوبراو وتیشی "بێگومان هیچ كەس نكووڵیی لەجێ‌بەجێ‌كردنی یاسا ناكات‌و ئێمەش گرفتاری پێشێلكرانی یاساین، بەڵام یاسا نابێ‌ بە بانێكەو دوو هەوا پیادەبكرێ‌‌و وەك لاستیك بەكەیفی خۆت بەرەولای بەرژەوەندییەكانتی بكێشێ‌‌و، ئەگەر زانیت قازانجتە پەنای بۆ بەری‌و، ئەگەر زانیشت بۆت باش نیە پێشێلی بكەی!"

هەروەها جەختی لەوەشکردەوە" ئێمە هەرگیز لەگەڵ لابردنی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران نەبووین‌و نابین، مادام بەهۆی ڕەخنەگرتن‌و قسكەكردنەوە بێ‌، چونكە ئەوە مانای بێدەنگ كردنی پەرلەمانتارانەو پەكخستنی گرنگترین كاروچالاكییانە كە ڕەخنە گرتن‌و چاودێریی كردنی حكوومەت‌و دام‌و دەزگاكانە."

وتیشی "زۆر سوپاس‌و دەستخۆشیی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان‌و سەرجەم فراكسیۆنە هاودەنگەكانیش دەكەم، كە كە ئامادەنەبوون مل بدەن بۆ ئەو هەوڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێموایە زیانێكی گەورەی بەسومعەی پەرلەمان‌و قەوارە سیاسییەكەمان‌و خودی خۆیشی گەیاندو، درزێكی سیاسیی گەورەی پەیداكرد."

هەروەها لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا" ئاماجێ‌ی سەرسوڕمانیشە كە پارتی دوێنێ‌ گوێ‌ی بەداواكاریی حەوت فراكسیۆنی جۆراوجۆری پەرلەمان نەدا، بۆ چاوپێداگێڕانەوەی ئەو هەوڵ‌و هەنگاوەی، ئایا ئەو لایەنەی لەهەموو كەس‌و لایەنێك "بەحەق یان ناحەق" لەم وڵاتەدا زیاتر بەهرەمەندە نەدەبوو بەتەنگ پاراستنی تەبایی‌و یەكڕیزییەوەبێ‌؟!.
هیواداریشم هیچ كەس گرەو لەسەر ئەوە نەكات كە كۆمەڵی ئیسلامیی لەژێر زەخت‌و فشاردا دەستبەرداری هەڵوێستە مەبدەئییەكانی بێت، بەتایبەت وەدەنگ هاتن لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی‌و بەرگریی لەچینی هەژارو نەدار."

لەکۆتایشدا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوەکرد" كاك سۆران عومەریش كادیرێكی دڵسۆزو كارای كۆمەڵی ئیسلامییەو، هیچ كات لاریی نەبووە لە ئامادەبوون لەبەردەم دادگادا گرنگ ئەوەیە دادگاییەكی دادگەرانەو بێ‌ غەرەز بكرێ‌."

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق