گەنجێکی کورد دوای لەسێدارەدانی سزاکەی ھەڵدەوەشێتەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الأحد، 4 يوليو 2021

گەنجێکی کورد دوای لەسێدارەدانی سزاکەی ھەڵدەوەشێتەوە


 






سەیران عزیز _ناوەندی ھەواڵ _نوێ ژین


گەنجێکی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی ١٠ مانگ بەسەر لەسێدارەدانی دادگای باڵای ئێران سزاکەی هەڵدەوەشێنێتەوە، داواکاری گشتیی ورمێش بە کەسوکارەکەی ڕاگەیاندووە‌ دەتوانن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام کەسوکارەکەی رەتیدەکەنەوە و داوای دادپەروەری دەکەن.


"خدر قەویدڵ" خەڵکی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠١٣ بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەرکرا، دواتر لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.


قەویدڵ لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا و لە ٩ ئه‌یلولی ٢٠٢٠ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا.


به‌پێی زانیارییه‌كان خدر و هاوڕێیەکی بە دوو کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری شیشەوە ده‌ستیگیركراون، بەڵام  ماددە هۆشبەرەکە هی خۆیان نەبووە و تەنیا گواستوویانەتەوە.


لەئێستادا لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠ مانگ بەسەر لەسێدارەدانی ئەو گەنجەدا، دادگای باڵای ئێران سزای لە سێدارەدانەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە.


ھەرچەندە داواکاری گشتیی ورمێ بە کەسوکاری قەویدڵی ڕاگەیاندووە، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبووی خوێنی کوڕەکەیان، بەڵام کەسوکارەکەی ڕەتی دەکەنەوە ھیچ قەرەبوویەك وەربگرن و داوای دادپەروەری دەکەن .

  

ھاوکات بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئێران بەرزترین ڕێژەی لە سێدارەدانی هاوڵاتییانی خۆی لە جیهاندا هەیە، ھەروەھا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ساڵی ٢٠٢٠ لە ئێراندا ٢٤٦ کەس لە سێدارە دراون.





ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق