دیار حسێن - ناوەندی هەواڵ - نوێ ژین
ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۸ـی ئابی ۲۰۱۹ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕێواس فایق سەرۆكی پارلەمان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پارلەمان و مونا قەهوەچی سكرتێری پارلەمانی كوردستان كۆبوەوە.
لەكۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێكرا.
هەروەها لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی وێڕای پیرۆزباییكردن لە دەستبەكاربونی سەرۆكی پارلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی تازەی پارلەمان لە چاودێریكردنی كاروباری حكومەت دوپاتكردەوە.
وەک لەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاوکراوەتەوە، ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە پێویستە پارلەمانی تازە كار بۆ بەردەوامی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و دەستەبەركردنی یەكڕیزیی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان بكات و پڕۆسەی چاكسازی و هەروەها ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی.
هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر پڕەنسیپی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان دەستەڵاتەكان ئەویش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و بەهێزكردنی دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق