مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە - NweZhinMedia-نوێ ژین میدیا

سه‌ردێڕ

الخميس، 12 نوفمبر 2020

مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە



ناوەندی ھەواڵ_نوێ ژین


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە.



دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە.


ئەوە لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی. دەریشكەوت كە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتیكردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیكە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و ڕێككەوتنەكان و ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەكەن.


لێرەدا پێزانینم هەیە بۆ یەكدەنگیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا كە بە هەڵوێستێكی هاوبەش دژی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەستانەوە و ئەو هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە. داواش لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پارلەمان و حكوومەت دەكەم كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پێكەوە لەسەر ئەم بابەتە كۆببنەوە و بگەنە بڕیارێكی هاوبەش. بڕیارێك بدەن كە لە ئاست بەرپرسیارێتی بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە هەمانكاتیشدا كەرامەتی میللەتەكەمان بپارێزرێت و سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنێت كە مەبەست لێی سزادانی گەلی كوردستانە.


مەسعود بارزانی

١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق