سروە خۆشناو_ناوەندی هەواڵ_نوێ ژین
بەهۆی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای کەلار - خانەقین، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی، ۲۷ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۰، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: "کەمێک پێش ئێستا لەسەر ڕێگای کەلار - خانەقین نزیک گوند "تۆپ عەسکەر"، بەهۆی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێل لەجۆری " توێتا لانکرۆزەر و دومانی بارهەڵگر "، سێ کەس گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون".
ئەوەش خراوەتەڕوو: "ڕووداوەکە بەهۆی خێرا لێخوڕینەوە بووە، لەئێستادا تیمی هاتووچۆ لەسەر ڕووداوەکەیە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکە دەستی پێکردووە".
باس لەوەشکراوە: "دوو بریندارەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار، لە ئێستادا ڕووداوی هاتووچۆ رووی لە زیاد بوون کردووە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ نا لەباری کەش و هەوا و پابەند نەبوونی شوفێران بە رێنماییەکانی هاتووچۆ".